موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم گۆڕانكاریى به‌سه‌ردادێت

کوردستان

18/07/2021‌ 8662 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاوێژكارى ئابورى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، له‌یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌دا كه‌ دوابه‌دواى جه‌ژنى قوربان ئه‌نجامده‌درێت، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم بڕیار له‌باره‌ى كۆتاییهاتنى لێبڕینى موچه‌ یان كه‌مكردنه‌وه‌ى بڕى لێبڕین ده‌دات، ده‌شڵێت:"بۆ موچه‌ى هه‌ر مانگێك حكومه‌ت پێویستى به‌زیاتر له‌898 ملیار دینار هه‌یه‌".


ڕێباز حەملان ڕاوێژكاری ئابوری سەرۆكی حكومەت لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئێن ئاڕتی ئاشكرایكرد، پارەکەی بەغدا بودجە نییە، بەڵکو وەک سولفەیەک بۆ هەرێمی ناردوەو بەغدا 180 ملیاری داوە بەحکومەتی هەرێم نەک 200 ملیار دینار، ئەو 20 ملیارەیان گلداوەتەوەو داویانەتەوە بەقەرزی بانکی تی بی ئای".

وتیشی:"داهاتی دوو مانگی ڕابردوی ناوخۆ زۆر كەمیكردبوو كه‌ 200 ملیار دیناربوەو بەداخەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، بەڵام داهاتی نەوت بەرزبوەتەوەو 350 ملیۆن دۆلار زیاتر بوە، دەمانتوانی بەداهاتی ناوخۆوە موچە بەبێ لێبڕین دابەشبكەین، بەڵام داهاتی ناوخۆ وەك خۆی نەهاتەوە وەزارەتی دارایی".

لەبارەی كۆتاییهێنان بەلێبڕینی موچە وتی:"دوای جەژنی قوربان ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێم كۆدەبێتەوەو وەزارەتی دارایی‌و سامانه‌ سروشتیه‌كان داهاتەكانی خۆیان ده‌خه‌نه‌ بەردەم ئەنجومەنی وەزیران‌و لەگەڵ ئەو 180 ملیارەی لەبەغداوە هاتوه‌، ئەو ژمارەیە دەرچوو كە 898 ملیار دینارە، ئەوا لێبڕین نامێنێت".

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، ئەگەروانەبوو بەدڵنیاییەوە لێبڕینەكە كەمدەكرێتەوە، بەڵام حكومەت كۆكە لەسەرئەوەی لێبڕینی موچە نەمێنێت‌و هەموو هیواكانیش بۆئەوەیە.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ ڕۆژى 11ى ئه‌م مانگه‌ وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم ئاشكرایكرد، بڕى 200 ملیار دینار له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایی عێراقه‌وه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ژمارى وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم، دواى ناردنى ئه‌و پاره‌یه‌ش فشاره‌كان بۆ ئه‌وه‌ن حكومه‌تى هه‌رێم هه‌رێم كۆتایی به‌لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بهێنێت كه‌ ڕێژه‌كه‌ى له‌21%ه‌.

بەپەلە