وه‌زیرى كاره‌با زانیاریى له‌باره‌ى ئاساییبونه‌وه‌ى كاره‌باى نیشتمانیه‌وه‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

27/04/2024‌ 4921 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زیرى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێم نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى گرفتى كاره‌باى نیشتمانیه‌وه‌ ئاشكراده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتوەتە 1600 مێگاوات و بڕى 2500 مێگاوات كاره‌با كه‌مبوه‌ته‌وه‌".


کەمال محەممەد وەزیری كارەباو وەزیری بە(وەكالەت)ی  سامانە سروشتییەكانی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا سوپاسی تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی کرد کە "پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیویانه‌ قەرەبوی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەن و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە 1600 مێگاوات".

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بە پلانێكی تۆكمە توانراوە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە کێڵگەکە بکرێتەوە و ڕێگە نەدراوە كوژانەوەی گشتی لەسیستەمی كارەبا رووبدات.

وه‌زیرى كاره‌با باس له‌وه‌شده‌كات، "ئێستا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەكردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گازدایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە".

ئێوارەی دوێنێ بەدرۆن هێرشکرایەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش برینداربوون، هەر بەو هۆیەوە، 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووتەوە و ئێستا هەزار و 260 مێگاوات کارەبا بەردەستە بۆ دابەشکردن.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008وە دەستکراوە بەبەرهەمهێنانی غاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی غازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو غازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

جگە لە غازی سروشتی بەرهەمی گازی شل یاخود ئێڵ پی جی نزیکەی هەزار تۆنی ڕۆژانەیە، 22 هەزار بەرمیل نەوتی کۆندێنسەیتی ڕۆژانە لێ بەرهەم دەهێنرێت کە لە ماوەکانی پێشوودا ئەم بڕە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتییەکەی تێکەڵی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرا.

 بەپێی گرێبەستێک کە لە مانگی چواری 2007 لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆر کردووە، کۆرمۆر لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دانەغاز و گیسنت پترۆلیۆمەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بەهۆی گرنگییە ئابوورییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ناو بەناو ئەم کێڵگەیە لەلایەن گروپه‌ میلیشیاكانى عێراقه‌وه‌ دەکرێتە ئامانج، گەورەترین هێرشەکانیش لە 22 حوزەیران، 12ی تشرینی یەکەمی  2022، 26ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و 25ی نیسانی ئەمساڵ بوون.

بەپەلە