توركیا بڕیارێك له‌باره‌ى سنوره‌كانى عێراقه‌وه‌ ده‌دات

کوردستان

27/04/2024‌ 8542 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تورکیا پێشکەوتوترین سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی لەسەر سنوری عێراق جێگیردەکات‌و ماڵپه‌ڕێكى تایبه‌ت به‌كاروباره‌ سه‌ربازیه‌كانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاریى زیاتر ئاشكراده‌كات.


ماڵپەڕی "Army Recognition" کە تایبەتە بە کاروباری سەربازیی، لەراپۆرتێکدا کە رۆژی سێشەممەی رابردوو بڵاویکردۆتەوە ئاشکرایکردووە، تورکیا بەنیازە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس 400 ڕووسیی خۆی لەسەر سنوورەکانی عێراق جێگیر بکات.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “ئەم جێگیرکردنە چاوەڕوانکراوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400ی  تورکیا وەک ڕێکارێکی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، بەتایبەتی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، سەیر دەکرێت و دەشێت ببێتە هۆی زیاترکردنی گرژییەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیی ناتۆ، کە بەهۆی پشتیوانی ئەمریکا لە هێزە کوردییەکانی سوریا درووستبووە.

پێگەکە لەراپۆرتەکەیدا دەڵێت: کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس 400 ی رووسیی نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار لەسەر تورکیا کەوتووە، بەڵام تێچووی ناڕاستەوخۆی زۆر زیاتر بووە بەهۆی دوورخستنەوەی وڵاتەکە لە پرۆگرامی دابینکردنی فڕۆکەی ئێف-35، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیانەکانی بە زیاتر لە 9 ملیار دۆلار مەزەندە بکرێت،  بەوپێیەی ئەمریکا تورکیای بەپاساوی ئەوە لە بەدەستهێنانی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 درورخستەوە کە گوایە  مەترسیی هەیە تەکنەلۆژیاکەیان لەلایەن سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی رووسیاوە بدزرێت.

سلێمان ئۆزێرین، مامۆستا لە زانکۆی ئەمریکی و هاوکاری باڵا لە پەیمانگای سیاسەتی ئۆریۆن ئاماژەی بەوەداوە کە جێگیرکردنی گریمانکراوی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە روسییەکەی تورکیا لەسەر سنووری عێراق خزمەت بە زۆرێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەنقەرە دەکات، و ڕەنگە ئامانجی سەرکوتکردنی ڕەخنە ناوخۆییەکان و جەختکردنەوەی بێت لە هاوکارییە سەربازییەکان لەگەڵ مۆسکۆ و گەیاندنی پەیامێکی بەهێز بێت بۆ ڕۆژئاواییەکان سەبارەت بە پێگەی ستراتیژیی تورکیا لە نێوان ڕووسیا و ناتۆدا.