شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی کارکردنیدا سێ هەوڵ بۆ تیرۆرکردنى هەبوە، دهشڵێت:"بەردەوامدەبین لەشوێنکەوتنى سەرجەم تاوانبارانو دۆزینەوەیان".
مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانەى چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ کەناڵى "حەدەس" ئاشکرایکرد، "بەهۆى وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیرانەوە دەبوو لێکەوتە نەرێنیەکان بەهەند وەربگرم".
کازمی ئاشکراشیکرد، "سێجار ڕوبەڕوى هەوڵى تیرۆرکردن بوومەوەو من بڕوام بەوە هەیە کە خودا ئەوکاتو ساتەى بۆ نوسیوم کە ببمە خزمەتکارى ئەم گەلە، وەک چۆن ئەوکاتو ساتەى بۆ دیاریکردوم کە تیایدا ماڵئاوایى لەژیان دەکەم، بۆیە ئەو بابەتە نیگەرانیکردوم".
کازمی ئەوەشیخستەڕوو، "لەلایەن هەندێک لەوکەسانەى کە زیانیان بەرکەوتوە، گومان لەهەنگاوەکانمان هەیە بۆ شوێنکەوتنى بکوژانى خۆپیشاندەران، بەڵام بەردەوامدەبین لەشوێنکەوتنى سەرجەم تاوانبارانو دۆزینەوەیان".