ئەو خۆراکانە ئازاری هەوکردنی جومگەکان کەمدەکانەوە

تەندروستی

26/07/2021‌ 665 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆڕانی سەر بەڕێکخراوی ئەمریکی بۆ خانەنشینان (AARP) دەڵێت ماسیی‌و زەیتی زەیتون‌و توو ئەو خۆراکانەی ڤیتامین K یان تێدایە، دەتوانن ئازاری فشەڵی ئێسکەکان کە جۆرێکە لەجۆرەکانی هەوکردنی ماسولکە، کەمبکەنەوە.

ڕێکخراوەکە لەپێگەی فەرمی خۆی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت نوسیویەتی:"ماسییە چەورەکانی وەک سەلەمون ترشی ئۆمیگا3ی تێدایە، لەبەرئەوە دەتوانێت هەوکردنی ماسولکە کەمبکاتەوەو یارمەتی سوککردنی نیشانەکانی بدات، بۆیە باشترە هەفتانە دوجار بخورێت".

زەیتی زەیتون چارەسەرییەکی ترە بۆ نەخۆشییەکە، بەوتەی شارەزایان مادەیەکی تێدایە کە هاوشێوەی دەرمانی دژە هەوکردنی بێ سترۆیدیەکان کاردەکات.

لەبابەتەکەی ڕێکخراوە ئەمریکییەکدا هاتوە، گێلاس‌و توو ترێی کێوی مادەی ئەنسۆسیانین‌و دژە هەوکردنەکانیان تێدایە کە ئازارەکان سوک دەکەن.

پسپۆڕان دەڵێن، "سیریش دەتوانێت مەترسییەکانی توشبون بەفشەڵبونی ئێسکی کڵۆت کەمبکاتەوە".

لەپاڵ ئەوانەدا، خواردنی سپێناخ‌و کەلەرم کە بڕێکی زۆر لەڤیتامین Kیان لەخۆگرتوە، بۆ پاراستنی تەندروستیی کڕکڕاگە بەسودە، زانایان بۆچونیان وایە، ئەم ڤیتامینە ڕێگە لەبەکلسبونی جومگەکان ده‌گرێت.

و: ئاکۆ ئاڵی