پەرلەمانتارێكى یه‌كێتى چه‌ند مه‌ترسیه‌كى دواى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا ئاشكراده‌كات

کوردستان

29/07/2021‌ 1013 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتى له‌به‌غدا پێیوایه‌، حكومه‌تى عێراق په‌له‌ى كردوه‌ له‌داواكردن بۆ كشانه‌وه‌ى سه‌ربازانى ئه‌مریكا له‌وڵاته‌كه‌ى، ده‌شڵێت:"بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، دەستوەردانەکان بەتایبەت دەستوەردانی تورکیاو ئێران زیاتر دەبێت".


هەرێم کەمال ئاغا ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتى‌و هاوكات ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش‌و به‌رگرى له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ى، بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق دەستوەردانەکان بەتایبەت دەستوەردانی تورکیاو ئێران زیاتر دەبێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كێتى به‌ده‌نگى ئه‌مریكاى وتوه‌، "من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م عێراق خۆی بتوانێت له‌سه‌ر قاچی خۆی بوه‌ستێت‌و ڕێگری بكات، بەڵام گومان له‌وه‌نییه‌ دوای كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌عێراق، ته‌داخولكردنی ئه‌جێندای هه‌رێمایه‌تی له‌سه‌ر خاكی عێراق‌و له‌كاروباری عێراقیش‌و له‌سه‌ر داهاتوی عێراقیش زیاتر ده‌بێت".

به‌بڕواى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "ئەگەرچی عێراق توانای نییە بەهێز ڕوبەڕوی پێشێلکاری سەروەرییەکەی ببێتەوە، بەڵام دەبێت لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەکۆمکاری وڵاتانی عەرەب‌و ئەنجومەنی ئاسایش، کەیسی پێشێلکردنی سەروەرییەکەی بجوڵێنێت".

ئه‌وه‌شى وتووه‌، "کشانەوەی سه‌ربازانى ئەمریکا له‌عێراق داواكاریه‌كی عێراقیه‌، ئێمه‌ش وه‌كو كوردستان كه‌ به‌شێكین له‌عێراق، ڕێزی لێدەگرین، بەڵام عێراق لەو بڕیارو داواکارییە پەلەیکرد".