سەرۆککۆمارى عێراق و سەرۆکوەزیران: ھەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دەكرێت

عیراق

31/07/2021‌ 311 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس


سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبونەوە و پرسی ڕێککەوتنی ستراتیژی عێراق و ئەمریكا قسەی لەسەر كرا و لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، هەردولا جەختیان لە ئەنجامدانی كردەوە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا.


نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆككۆماری عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەکۆشکی سەلام  لەبەغدا پێشوازیکرد مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابووری وڵات باسی لێوەكرا.

سەرۆككۆمار، ئەنجامی دیالۆگی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمریکا و ھەوڵەکانی سەرۆک وەزیران و شاندی حکومەتی لەو بوارەدا بەرزنرخاند، ھەروەھا بەگرنگییەوە باسی لە یەکخستنی ھەوڵەکانی هێزە نیشتمانییەکانی کرد لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و بەھێزکردنی سەروەری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای وڵات.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا جەختکرایەوە ،لەگرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هاووڵاتیان و ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعش کە لە ھەواڵدان سەقامگیری و ئارامی هەندێک ناوچە و شار تێک بدەن.

هەروەها، باس لەگرنگی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرا و دووپاتکرایەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، ھەروەھا دابینکردنی گشت پێداویستییەکان، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەقۆناغە جیاجیاکانیدا بەرێوەبچێت دوور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ و ھێنانەدی خواستی راستەقینەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و زامنکردنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک.

س.س