فازڵ نەبی: حكومەت دەتوانێ مانگانە لە كاتی خۆیدا و بێ لێبڕین موچە دابەش بكات

کوردستان

02/08/2021‌ 789 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق رایگەیاند، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە تا كۆتایی ساڵ مانگانە ٢٠٠ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت و بۆ ناردنی پارەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیش، پێویستە ئەویش بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ڕەوانە بكرێت.

فازڵ نەبی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە تاوەكو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق جێبەجێ دەكرێت و لەگەڵ ھەرێم دەگەنە رێككەوتن، مانگانە ٢٠٠ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكەن و مانگی شەشیان رەوانە كردووە و بڕیاری داوە كە مانگی حەوتیش رەوانە بكرێت.

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی دەشڵێت، حكوومەتی عێراق بەپێی بڕیاری سەرۆكوەزیران لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە تا كۆتایی ساڵ مانگانە ٢٠٠ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات، چونكە بودجە بۆ ئەمساڵە.

نەبی ئاماژەى بەوەشکردوە، بڕیاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بەو شێوەیەیە كە ئەمساڵ ھەموو مانگانێك٢٠٠ملیار دینار رەوانە بكەن، بۆیە پێویستە بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا پارەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیش ڕەوانە بكرێت.

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئەوە دەخاتەڕوو کە بەم ھەنگاوە دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باش دەبێت و حكوومەت دەتوانێ مانگانە لە كاتی خۆیدا و بێ لێبڕین مووچە دابەش بكات.

لەچەند رۆژى رابردوودا سەرۆک وەزیرانى عێراق بریاریدا بە رەوانەکردنى بڕی ٢٠٠ ملیار دینارى دیکە بۆ هەرێمى کوردستان، بەڵام تائێستا ئەو پارەیە نەچووەتە سەر حسابی حکومەتى هەرێم.