لاهور شێخ جەنگی: داوا لە براکانم دەکەم بە هۆش خۆ بێنەوەو کۆتایی بەم دۆخە بهێنن

کوردستان

03/08/2021‌ 10565 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکى یەکێتى لە وتەیەکدا بۆ ئەو لایەنگران و دۆست و میوانانەى کە لەبەردەم ماڵەکەیدا کۆببوونەوە رایگەیاند، داوا لە براکانم(بافڵ و قوباد) تاڵەبانى دەکەم بە هۆش خۆ بێنەوەو کۆتایی بەم دۆخە بهێنن.

 لەوتەکانیدا لاهور شێخ جەنگى رایگەیاند" وتمان یەکێتی لەدوای کۆنگرە یەکێتیەکی نوێ دەبێت و چیدی ناچینە ژێر باڵای هیچ کەس، من هەموو هەوڵمدا لەناو میلەتەکەی خۆمدا بم و لە خۆشی و ناخۆشی میلەتەکەمدا بەشدار بم و هەر واشمکرد، بەڵام دیارە هەموو ئەمانە بوونە ناخۆشی بۆ من، بەڵام دڵنیاتان دەکەم من هەر لێرەم و لە میلەتەکەم دانابڕێم".

ئاماژەى بەوەشکرد، لە کاتیکدا ئێمە سەرقاڵی دروستکردنی هاوپەیمانی بووین لەگەڵ گۆران و لایەنەکانی تر کە ئەمانە هەموو هەواڵی دڵخۆشکردبوون و ئەرکە قورسەکەی لەسەر من بوو ، هەر ئەمە ببووە مەترسی لەسەر ئەوانەی نەیاری یەکێتین.

هاوسەرۆکى یەکێتى باسى لەوەشکرد، کە لەو کاتەدا ئەو لە هەوڵی سەردانی شارە جیاوازەکان و گەیاندنی پەیامەکانی یەکێتی بووە و رووی لە بەغداد بووە بەوتەى خۆی لە پشتەوە ئەو کارەساتە ناخۆشە ڕوویکردە یەکێتی و براکانی خۆی ئەوەیان لەگەڵکردوە کە ئێستا هەموان دەیبینن و دەشڵێت"ئەوەی کراوە براکانی خۆم کردویانە بۆیە دەکرێت پێکەوە ئەو خوێن بەربونە رابگرین و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی لەو دۆخە ناخۆشە رزگاربکەین".

هەروەها ناوبراو ئەوەى خستەڕوو، دوای رادەستکردنی دەسەڵاتەکان و هەنگاوەکان سەیر دەکات هەنگاوی تری بەدوادا دێت و دەشڵێت"بەڵێن بێت سەیر بکەن ئەگەر یەکێتی لەو دۆخەدا دەبیننەوە من ئاڵای سپی هەڵدەکەم و دەلێم ئەوە یەکێتی و ئێوە راستدەکەن، بەڵام تێناگەم بۆچی وا لە یەکێتی دەکەن، تیناگەم راگەیاندنی یەکێتی بۆ وا دەکات، بەلێن بێت یەک هەنگاو لە پێناوی یەکێتی بنێنن من ٢٠ هەنگاو دێمە پێشەوە".
لاهور شێخ دەنگی روونیکردەوە،ئەو لە ڕقا ئێرەی بە جێنەهێشتوە، بەڵکو بەوتەى خۆی ئەگەر تاوانبار بوایەم هەر زوو ئێرەپی بە جێ دەهێشت.

سەبارەت بە براکانى خۆشى لاهور شێخ جەنگى باسى لەوە کردوە کە براکانی چییان کردوە با خۆیان وەڵام بدەنەوە و بچنە بەردەم دادگا، بەڵام هیچیان لەسەر خۆی نییە، ناکرێت شکۆی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بشکێت و هێز بنێریتە سەر منداڵەکانی لەبەر ئەوەی ناهاتۆتە ژێر رکێفی تۆوە.

هەر لە درێژەى قسەکانیدا هاوسەرۆکى یەکێتى ئەوەى بۆ میوانەکانى خستەڕوو کە ئەو لەبەر یەکێتی  بێدەنگ بووەو لە پێناو یەکێتیدا دانیدا بە خۆدا گرتووە، جەختیش دەکاتەوە کە ئەو هێندە بێدەسەڵات نییە کە نەتوانێت هێچ نەکات، بەڵام وەک خۆی باسى دەکات ئەو هەموو هەنگاوێکی بیر لە بەرژەوەندی یەکێتی دەکاتەوە ئینجا هەنگاو دەنێت.
 
هاوسەرۆکى یەکێتى رایگەیاند کە داوایکردوە مەکتەبی سیاسی لیژنەیەک پێکبهێنێت و ئەنجامەکەی بداتەوە سەرکردایەتی بۆ ئەوەی بتوانێت سەربەرزانە لەنێو گەلەکەیدا بوەستێ و بژی، بەڵام 
لە سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی ڕێگری لە دروستکردنی لیژنە کرا بۆیە ناچاربووم بچمە بەردەم دادگا.

هەروەها ئەوەش دەڵێت کە هەموو ئۆرگانەکانی حزب پەکخراون و ڕیگەنادرێت کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بکرێت.

بەوتەى لاهور شێخ جەنگی کار گەیشتۆتە ئەوەی برنج و فاسۆلیای پاسەوانەکانیشى بڕدراوە.




س.هـ