وەزیری دارایی بۆ كۆتاییهێنان بە كاری نایاسایی لەسنورەکان پەنا بۆ دەزگای ئاسایشى هەرێم دەبات

کوردستان

03/08/2021‌ 1377 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، بۆ رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە گومرگ و باج، لەگەڵ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم کۆبووەوە.

 وەزارەتی دارایی و ئابوری بڵاویكردەوە کە ئەمڕۆ سێ شەممە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری،  سەردانی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کرد و لەگەڵ د. خەسرەو گوڵ محەمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم کۆبووەوە و باسیان لە نەھێشتنی کاری نایاسایی و خۆدزینەوە لە باج و گومرگ کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی، لە کۆبوونەوەكەدا ھەردوولا جەختیان لە ھەماھەنگی نێوانیان کردەوە و وەزیری دارایی باسی لەوە کرد، بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ھەرێم دەتوانرێت رێگری لەو کەسانە بکرێت کە خۆیان لە باج و گومرگ دەدزنەوە.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەكردووە بەڕێگریكردن لە خۆدزینە لە باج، بە ئاسانی داھاتی سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.

لە بەرامبەردا، خەسرەو گوڵ محەمەد ئامادەیی خۆی پیشان دا بەوەی ئاسایش بۆ پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان و ئابوری و داھاتی ئەم وڵاتەیە، بۆیە دەبین بە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ وەزارەتی دارایی.

لە کۆتاییشدا ھەریەک لە بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری، بۆچوونی خۆیان لەسەر میكانیزمی رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج و گومرگ پێشکەش بە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم کرد.
س.س