٣١ـی ئاب چی ڕویدا؟
هۆکار و لێکەوتەکانی چیبوون؟

کوردستان

30/08/2021‌ 2752 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئێرە، ساڵانێکی زۆر هێڵی بەریەککەوتن و ڕژانی خوێنی سەدان رۆڵەی ئەم نیشتمانە بوە...کۆتا بستە خاکی فەرمانڕەوایی حزبێکی هەرێم و یەکەم بستە خاكی فەرمانڕەوایی ئەوی تر....
لێرەداو هەر لەم ناحیەیە قورسترین شەڕەکانی برا کوژی ڕویان دەدا.

بە هۆی ئەو شەرانەوە هەر ئێرەش کرایە سنوری جیاکەرەوەی هەردوو زۆنەکەی کوردستان و تا ئێستاش و دوای زیاتر لە ٢٥ ساڵ هێشتا ئەو سنورە تێنەپەرێنراوە.

لێرە بازگەی توندی هەردوو حزبی فەرمانڕەوای ئێستاو دوژمنی ئەوکات هەبوو، هەرکەس لە سنوری یەکێکیانەوە دەچوە سنوری ئەوی تریان بە جۆرێک مامەلەی لەگەڵ دەکرا وەک ئەوەی بڵێی لە ولاتێکی دوژمنەوە هاتبێتە وڵاتێکی تر.

25 ساڵ‌ لەمەوبەرو لە 31ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 1996 ئێرە ببووە مەیدانى شەڕی براکان، رووبارێک لە خوێن لێرەوە ریزی بەستبوو، دوژمنەکانیش ئاگری ئەو شەڕەیان بە خوێنى براکان خۆش دەکرد.

لە ٣١ی ئابدا، ئەو رۆژەی ئەگەر چی پارتی بە شانازی دەزانێت، خیانەتێکی نیشتیمانی گەورە ڕویدا، دەبابەو تانک و زرێپۆشی دوژمن پەلکێشی ناو شاری هەولێر و باڵەخانەی شەرعی ترین دامەزراوەی کوردستان کرا کە پەرلەمانی کوردستان بوو.

لە ٣١ی ئابدا براکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکیەکانی خۆیان پەنایان بردە بەر هێنانی لەشکری دوژمن، دوژمنێک کە بە خوێنی سەری تاک بە تاکی کورد تینوبو.

پارتی بە بیانوی ئەوەی یەکێتی دەستی سوپای پاسدارانی ئێرانی هێناوەتە نێو خاکی هەرێم پەنای بردە بەر سوپای عێراق و بە ڕێککەوتنێک هەولێریان لە ژێر دەستی یەکێتی دەرهێناو تا ئێشتاشی لەگەڵ بێت یەکێتی نەیتوانیوە هەولێر بکاتەوە بە ناوچەی جێ نفوزی خۆی.

لە دوای ٣١ی ئاب و بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ پارتی فەرمانرەواو تاکە بریاردەری هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام لە دوای ٤٠ رۆژ یەکێتی لە سنورەکانەوە و بە هاوکاری سوپای پاسداران هێرشی هێنایەوە بۆ کوردستان و بەشێک لە کوردستانی لە ژێر چنگی پارتی دەرهێنایەوەو ئیدی لەوێوە دوو ئیدارەیی و دابەشبونی کوردستان بوە ئەمری واقیع.
ئیدی کوردستان تا ئێستاش باجی ئەو شەڕە ناڕەوایە دەدات کە براکان بەرپایان کرد و دوژمنەکان هاتنە قوڵایی خاکی نیشتمانەوە.

لێکەوتنەکانی ٣١ی ئاب تا ئێستاش بەردەوامیان هەیە، نە پارتی لە سلێمانی و نە یەکێتی لە هەولیر نەیانتوانیوە ببنەوە حزبەکەی جاران و تا ئێستاش لەگەڵ هەموو گرژیەکی سیاسیدا پەنا دەبرێتە بەر باسی جیاکردنەوەی ئیدارە و دیاریکردنەوەی سنوری دێگەڵە وەک سنوری نێوان دوو ئیدارە.
رووداوەکانى ٣١ ئاب تائێستاش وەک سێبەر بەسەر ئاسمانى هەرێمەوە وەستاوەو چەندین کاریگەرى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوری و دەروونى لەسەر هەرێم و خەڵکەکەی دروستکردوە.

هەر لێرە و لە دێگەڵە چەند سال جارێک ڕێگری لە بەرپرسانی کوردستان دەگیرێت بۆ ئەوەی بچنە بەشێکی تری هەرێم..
سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵای حزبی و حکومی، کەی یەکێک لە حزبەکان ویستی هەبوو رێگە نادات هیچکام لەوانە بچنە سنوری ئەوی ترەوە.
هەر کە باس لە نارەزایی و خۆپیشاندان دەکرێت ئیدی ئەم سنورە تۆخ دەکرێتەوەو ڕێگە بە هەموو کەس نادەن لەو دیو سنورەوە بێتە ئەمدیو سنور وەک ئەوەی سنوری دوو دەوڵەتی دوژمن بێت.

ئەوەی لە ٣١ی ئاب ڕویدا ئەگەر چی هەموان لە کاتە جیاوازەکاندا وەک خیانەتێک دەیدەنەوە بەڕوی پارتیدا بەلام پارتیەکان وەک بەشێک لە شانازیە مێژوییەکانی خۆیان ناوی دەبەن و پێیان وایە ئەو پارتیەی ئێستا یەکەم هێزی کوردستانە، بەرەنجامی ٣١ی ئابەو لێی پەشیمان نین، ئیلهامی مانەوەیان بەو پێگەیەی ئێستاوە لە چاوی ٣١ی ئابدا دەبیننەوە.

مێژوی کوردستان پڕیەتی لە شەری ناوخۆ و خیانەت و خۆ خۆری، بەڵام زیاد لە هەموویان ٣١ی ئاب و روداوەکانی دوای ئەو، ئازاری تاک بە تاکی کورد دەدات و ئاسەوارەکانی بە ئاسانی لە سەر دڵی تاکی کورد ناسڕێتەوە، چونکە جگە لە رشتنی خوێنی هەزاران رۆڵەی کورد، ەستی بێگانەو دوژمن پەلکێشی نێو خاکی هەرێم کرا و لەو ساوە تا ئێستا ئەو ئازارە بەردەوامەو هەر بەردەوامیش دەبێت.

دێگەڵە ئەگەر چی ئێستا وەک ناحیەیەکی بێنازی نیشتمان بەدیار خزمەتکردنەوە ڕۆژەکانی بەڕێدەکات و کەمترین کات ناوی دەبیسترێت، رۆژانێک هەبوو کە بەردەوام لەگەڵ جوڵاندنی میلی ڕادیۆکاندا ناوی دێگەڵە بەر گوێی تاک بە تاکی ئەم هەرێمە دەکەوت و هەوالی ڕژانی خوێنی پۆلێک لە ڕۆڵەکانی نیشتمانی لێوە بڵاو دەکرایەوە بە دەستی براکانی خۆیان، کەسیش نەیزانی لەسەر چی و بۆچی جگە لە هەڵپەی دەسەڵات و زەوتکردنی سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی ئەم خاکە...