شەڕە میدیاییەکەی پارتی و یەکێتی لەسەر 31ی ئاب ڕێککەوتن بوو دژی لاهور شێخ جەنگی؟

کوردستان

31/08/2021‌ 5781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەڕی ڕاگەیاندنی پارتی و یەکێتی لەسەر ٣١ی ئاب، بەشێکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، یان سوتاندنی کارتەکەی دەستی لاهور شێخ جەنگی.

ئەمڕۆ 25 ساڵ بەسەر ڕووداوی 31ی ئاب تێپەڕدەبێت، ڕووداوێک یەکێتی ناویدەنێت خیانەت بەڵام پارتی وەک شانازی و خێر و بەرەکەت بۆ باشووری کوردستان باسی دەکات.

ڕووداوی 31ی ئاب لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکێتی و پارتیدا، دەکرێت یەکێک بێت لە هەرە کارساتە بەهێزەکان بۆ ڕاکێشانی سۆزی جەماوەری هەردوو حزبەکە، پارتی لەگەڵ هاتنەوەی ساڵیادی ئەو ڕووداوەی تیایدا حکومەتی بەعس هێزەکانی یەکێتی لە هەرێمی کوردستان دورخستەوە، پێیوایە ڕووداوەکە وایکرد باشووری کوردستان نەبێتە پارێزگایەکی دیکەی ئێران، بەرپرسانی ئەو حزبە لەوە زیاتریش دەڕۆن و پێیانوایە ئەو خزمەت و ئاوەدانییەی ئێستا هەیە، ڕەگێکی بۆ ڕووداوی 31ی ئاب دەگەڕێتەوە و شانازی بە رۆژەکەوە دەکەن و وەک دەستکەوت دەیدەنەوە بە ڕوی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا.

هەرچی یەکێتیە ئەو ڕووداوە بە "پەڵەی ڕوش" و "خیانەت" خاکفرۆشی و چەندین شێوەی دیکە وەسفدەکات، هاوکات لەهەر وێستگەیەکدا دەنگێکی ناڕازیی لەنێو یەکێتی بەرامبەر پارتی دروستبوبێت، ئەوا ئەو دەنگە ڕووداوی 31ی ئابی کردووەتە کەرەستەی هێرشکردنەسەر پارتی... بەڵام با بزانین هێرشی ڕاگەیاندنەکانی پارتی و یەکێتی لە ساڵیادی 31ی ئابدا بۆسەر یەکتر چەندە هێرشی خۆڕسکن؟؟ ئاخۆ هەردوو حزب لەسەر ئەوە ڕێکنەکەوتوون لەبەرامبەر جوڵاندنی هەست و سۆزی دەنگدەرەکانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، هێرشی سنورداری ڕاگەیاندن بکەنە سەریەکتر؟؟

ڕۆژی دوو شەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی 31ی ئابەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس ئەو ڕاگەیەندراوە بۆ هەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی مایەی سەرسوڕمان بووە، چونکە نە ئاگاداری بوون، نە لەو باوەڕەشدابوون یەکێتی لەم کاتەدا کە لە دۆخێکی سەختی نێوخۆیدایە، هێرشی ڕاگەیاندن بکاتە سەر پارتی و دەمی کادر و ڕاگەیاندنەکان و تا بگرە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئەو حزبەش لە جۆی بکاتەوە.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "بیست و پێنج ساڵ بەسەر خیانەتی 31ی ئاب تێپەڕ دەبێت و هێشتا برینەكانی ئەم تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییە بە تەواوی سارێژ نەبووە. ئەمەش دوای چارەكە سەدەیەك لە هێرشی سوپای رژێمی سەددام حسێن بە هاوكاری هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەر هەولێری پایتەختی خەونی ئازادی گەلەكەمان كە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا و بە جەرگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و تێكۆشەرانی رێی رزگاری".

 بە ماوەیەکی زۆر کەم دوای ئەو ڕاگەیەندراوەی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی پارتی هاتەدەنگ و بە تەنیا حەوت وشە کە سێ وشەیان عەرەبی بوون، وەڵامی یەکێتی دایەوە و وتی، 31ی ئاب پاڵپێوەنانی خراپترین بوو بە خراپێک، کە ئەمە والێکدرایەوە کە پارتی حزبی بەعس بە خراپ دەزانێت و سیەکێتی بە خراپترین ناوبردوە، وایە ۆزبی بەعسی پێ باشتر بوە لە یەکێتی.

لەنێوان ڕاگەیەندراوەکەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی تەنیا دوو بۆچوون هەیە و سێهەمی نییە... یەکەمیان ڕێککەوتنی پێشوەختەی هەردوو حزب بۆ ئەوەی سۆزی دەنگدەرەکانیان لەم کاتە نزیکەی  هەڵبژاردنەدا بجوڵێنن و کورد وتەنی هەوادار و دەنگدەرانیان گەرم بکەنەوە، هاوکات یەکێتیش وای نیشانبدات سەرەڕای کەنارکەوتنی لاهور شێخ جەنگی، کە وەک تاکە نەیاری پارتی لەنێو یەکێتی ناودەبرا، بەڵام هێشتا ئەو حزبە دەتوانێت دەنگێکی ناڕازیی بێت بەرامبەر پارتی.

بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە، یەکێتی پێشوەختە کارتی 31ی ئابی لەدەستی لاهور شێخ جەنگی سوتاندبێ و بەو ڕاگەیەندراوەی بڵاویکردەوە، سیحری هەر جۆرە ڕاگەیەندراوێکی توندی بەتاڵکردبێتەوە، کە لەلایەن لاهور شێخ جەنگیەوە دەربچێت کە بە پێیی ئەزمونی سااڵانی ڕابردو چاوڕوان دەکرا هێرشی توند بکاتە سەر پارتی، بەڵام بە هۆی ڕاگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسیەوە ئەو تۆپە هەوای تێدا نەما کە بەدەست لاهور شێخ جەنگیەوە بوو دەیویست یاری پێبکات.

وەک هەمیشە هێرشی ڕاگەیاندنی یەکێتی و پارتی دابەزیی بۆ ئەندام و کادر و پەرلەمانتارانیان، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند " بریا ٣١ی ئاب شمولی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ناوچەکانی تریشی بکردایە بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانەش ئێستا ئارامی و سەقامگیری ببینن و شاهیدی ئەو تابلۆ ناشیرینە نەبن کە لە سلێمانی کێشاتان، قەیدی چییە با شانازی ئێمە ٣١ی ئاب بێت"

لەبەرامبەردا بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئیتر بەس نیە خۆخۆری لەناو یەکێتیی؟ ئیتر ماویەتی کەحەقیقەتی ناخی پارتی بەرامبەر بە یەکێتیی بزانن؟ ئیتر بەس نیە بەناوی یەکڕیزیەوە پارتی بکەنە کەڵەگاو خۆتان بچوک بکەنەوە؟ ئیتر بەس نیە ناوزراندن و تەشهیرکردنی یەکتر؟

ئەوەی لە یادکردنەوەی ڕووداوی 31ی ئاب لەمساڵدا جێگەی سەرنج بوو ئەوەبوو، مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕووداوەکەی وەک "خیانەت" ناوبردبوو، بەڵام ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی ڕووداوەکەیان وەک "تاوان" ناوبردبوو، ئەوەش وا دەردەکەوت ئیعازێکی پێشوەختەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی درابێتە ڕاگەیاندنەکانی حزبەکە، بۆئەوەی ڕووداوەکە لە قەبارەی خۆی گەورەتر نەکەن و دۆخەکە لە گرێژنە دەرنەچێت.