خانەنشینى هەرێم لەسەر کەمکردنەوەو راگرتنى موچەى پلە باڵاکان روونکردنەوە دەدات

کوردستان

08/09/2021‌ 1463 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری خانه‌نشینى هه‌رێم رایدەگەیەنێت کە موچەی (دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا) نەبڕدراوە، بەڵکو ژمارەیەک لەو خانەنشینانە دۆسییەكانیان كەموكورتی تێدا بووە موچەكانیان راگیراوە تا ئەو كەموكورتییەی كە لە دۆسیه‌كانیاندا هەیە چاكی دەكەن.

حازم ئیسماعیل به‌ڕێوەبه‌رى خانه‌نشینى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند، یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ لە یاسای چاكسازیدا، دابەشكردنی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان گۆڕانكاری تێدا كراوە، ئەو خانەنشینانەی كە دۆسییەكانیان هیچ كەموكورتییەكی تێدا نییە و خزمەتی ١٥ ساڵیان تەواوكردووە، بەپێی یاساکە موچەكانیان كەمكراوەتەوە.
سەبارەت بە راگرتنى موچەى د. شێرکۆ عەبدوڵا بەڕێوەبەری خانه‌نشینى هه‌رێم ئاماژەی بەوەشكرد، (دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا) كه‌ ١٥ ساڵ خزمەت زیاتری هه‌یه‌ موچەكەی نەبڕاوە بەڵكو كەمكراوەتەوە، دەشڵێت، ژمارەیەک لەو خانەنشینانە دۆسییەكانیان كەموكورتی تێدا بووە موچەكانیان راگیراوە تا ئەو كەموكورتییەی كە لە دۆسیه‌كانیاندا هەیە چاكی دەكەن.

بەڕێوەبەری خانه‌نشینى هه‌رێم  باسی لەوەشکردووە، دوای چاككردنی ئەو كەموكورتیانە ئەو موچانەی كە وەریان نەگرتووە و راگیراوە بۆیان دەگێڕدرێتەوە
هەروەها بەڕێوەبەری خانه‌نشینى هه‌رێم جەختیکردوەتەوە کە موچەی كەس نابڕدرێت مەگەر خانەنشینێک هیچ دۆسیەیەكی نەبێت و نەتوانێت بیسەلمێنێت كە بەمافی خۆی خانەنشین بووە.