حکومەتى عێراق لەرێی خزمەتگوزاریەکی تایبەتەوە چاودێری بەشەخۆراکى مانگانە دەکات

عیراق

12/09/2021‌ 802 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە خزمەتگوزاریەک بۆ بەدواداچوون بۆ کوالێتی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان دەخاتە کار.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە رۆژنامەی فەرمی عێراقی راگەیاند، لە مانگی تەمموزەوە چەند ماددەیەک بۆ بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان زیادکراوە ئەوەش پێویستى بە چاودێرییەکى ورد هەیە بۆ ئەوەى کوالێتى بەشە خۆراک بەرز بکرێتەوە، بۆ ئەوەش وەزارەتەکەیان لە رێگای خزمەتگوزارییەکەوە بەدواداچوون بۆ کوالێتی ئەو مادەخۆراکیانە دەکات.

وەزارەتى بارزگانى ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەو خزمەتگوزارییە لەلایەن کارمەندانی بەشی ناوەندی داتای نەتەوەیی لە وەزارەت دەکرێت، هاوڵاتی لە رێگای چوونە ناو لاپەڕەیەکی ئینتەرنێتییەوە، دەتوانێت داواکاریی یان سکاڵا بکات.

هەروەها وەزارەتەکە روونیکردوەتەوە کە خزمەتگوزاری "چاودێری من" مامەڵە لەگەڵ داواکاری و سکاڵاکانی هاوڵاتیان دەکات سەبارەت بە سەبەتەی خۆراک و بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دابەشکردنی ئەو ماددە خۆراکیانە دەکات لە بریکارەکانی خۆراکدا لە هەموو پارێزگاکانی عێراق.