ئەفغانستان تەنێ دوواین شکستە

مەلەفی تایبەت

15/09/2021‌ 769 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەوڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پتەوکردنی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان تووشی کۆتاییەکی شەرمەزارکەر بوو. سووپای ئەمریکا 20 ساڵ و 83 ملیار دۆلاری خەرجکرد لە بوونیادنانی هێزێك کە لەماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا تووایەوە و لەو ماوەیەدا تەنیا چەند فیشەکێکی تەقاند و بۆ بەرژەوەندیی تاڵیبان دەستبەرداری وڵاتەکە بوو. داڕووخانی خێرای هێزە ئەمنییەکانی "ئەفغانستان" شتێکی نائاسایی نییە. لەڕاستیدا، بگرە نزیکە لە نەریتی ئەو هێزە ئەمنییە ناوخۆییانەی بە هاوکاریی سووپای ئەمریکا بوونیاد نراون. سێ گەورەترین هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بوونیادنانی سووپا هاوبەشەکان، لە ڤێتنام، ئێراق و ئێستایش ئەفغانستان، سەرجەمیان دووچاری شکستی سەرسووڕهێنەر هاتوونەتەوە. هۆکاری باش هەیە کە وێنەکانی "کابول سایگۆنی" ساڵی ١٩٧٥ و موسڵی ساڵی ٢٠١٤ دێننەوە یاد.

ئەوەی سووپا پێیان دەڵێت "هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان"، "بوونیادنانی توانای (لایەنی) هاوبەش"، یاخود "چالاکییەکانی مەشق و پڕچەککردن" وەك پایەیەکی ستراتیژییەتی بەرگریی ئەمریکا دەمێنیتەوە. گەر (ئەفغانستان و ئێراق) بەتەواوی وەلا بنێین، ئەمریکا ساڵانە ملیارەها دۆلار خەرج دەکات و هەزاران سەرباز جێگیر دەکات بە مەبەستی ڕاهێنان و هاوکاریی سووپای وڵاتانی دەرەوە لە سەرانسەری جیهاندا. هەرچەندە مەبەستی هاوکاریی لەم شێوەیە دەگۆڕێت، بەڵام ئامانجە سەرەکییەکەی؛ بریتییە لە گەشەپێدانی توانای سووپا هاوبەشەکانی بۆ لەئەستۆگرتنی ئەرکی ئاسایشی ناوخۆ، ئەوەیش تا ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرچاوەکانی خۆی بکاتە ئەولەویەتی لەپێشتر. بەڵام، کێشەکە بریتییە لەوەی زۆرینەی کات هاوبەشەکانی "ئەمریکا" ئارەزووی بوونیادنانی سوپایەکیان نییە کە توانای شەڕکردنی هەبێت.

وەك "کایتلین تالماج"، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی "جۆرج تاون" نیشانی دەدات، دروستکردنی هێزێکی کاریگەر، پێویستە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان هانی پەرەپێدانی ئەفسەری بەتوانا بدەن، زنجیرەیەك فەرمان بسەپێنن، هانی مەشق و ڕاهێنانی سەخت بدەن و چاوێکیشیان لەسەر گەندەڵی بێت. بەڵام لە وڵاتە لاواز یاخود شکستخواردووەکاندا کە تێیدا "ئەمریکا" هاوکاریی ئەمنیی تێدا چڕ دەکاتەوە، سەرانی ئەو وڵاتانە زۆرینەی کات مانەوەی کەسایەتی و سیاسیی خۆیان دەخەنە پێش پتەوکردنی سوپای وڵاتەکانیانەوە. ئەو سەرکردانە زۆرینەی کات دەیانەوێت سووپاکەیان وەك سەرچاوەیەکی پشتگیری، یاخود وەك کوتەکێك دژی نەیارە سیاسییە ناوخۆییەکانیان بەکار بهێنن. ئەو سەرکردانە لەوانەیە پێشوازی لە بەخشندەیی هاوکاریی سەربازیی "ئەمریکا" بکەن، بەڵام لەهەمان کاتدا ترسیشیان لە بوونیادنانی هێزی پڕۆفیشناڵ هەیە کە هەڕەشە بخاتە سەر دەسەڵاتی خۆیان. هەر بۆیە دادخوازییەکانی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی "ئەمریکا" پشتگوێ دەخەن و سیاسەتگەلێك پەیڕەو دەکەن کە سوپاکەیان بە لاوازی دەهێڵێتەوە.
ئەم ئاڵنگارییانە تەواو ڕوون بوون لە "ئەفغانستان".

بەدرێژایی ئەرکی ڕاوێژکاریی ئەمریکا، دەرکەوت ئەفسەرانی ئەفغانستان ئامادەییەکی کەمتریان هەیە لە جەنگان لە پێناو حکومەتە گەندەڵەکەی "کابول" بە بەراورد بە زامنکردنی دەوڵەمەندکردنی خۆیان، گواستنەوەی دۆلاری ئەمریکی بۆ تۆڕە چاودێرییەکانی خۆیان لەڕێی پڕۆسەی گرێبەست و تەکاندنی خەڵکی "ئەفغانستان" لە هەر بەرکەوتنێکدا. لەلای خۆیانەوە سەربازەکانیش، کە بە چاوی خۆیان گەندەڵیی ئەفسەرەکانی خۆیانیان دەبینی، ئامادەیی کەمیان هەبوو لەوەی خۆیان دووچاری مەترسیی مردن بکەنەوە لەژێر فەرماندەیی ئەو ئەفسەرانەدا. بەدڵنیاییەوە ئەوکاتەش یەکە سەربازییەکانی "ئەفغانستان" ڕێکخراو نەبوون و بە ماوەیەکی زۆر بەر لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەڕووی تاکتیکییەوە لاواز بوو - کاتێکیش هێزەکانی ئەمریکا کشانەوە، زۆرێك لەو یەکە سەربازییانە بڕیاریان دا دەروازەکان بەڕووی تاڵیباندا بکەنەوە.

لە ئەفغانستان و ئەرکە ڕاوێژکارییەکانی سەرانسەری جیهاندا، "ئەمریکا" پشت بە چەند ستراتیژییەتێك دەبەستێت بۆ هاندانی ئەو هاوبەشانەی هەوڵ نادەن. سووپای "ئەمریکا" بوونیادنانی پەیوەندی لەگەڵ سووپای وڵاتانی دەرەوە دەخاتە پێش هەر جۆرە مەرجدانانێك بۆ هاوکارییە ئەمنییەکانی و، هاوکات بەرپرسانی مەدەنیی واشنتۆنیش پەیڕەوی ئەو ڕێبازە دەکەن. دواتر ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی گەشبینانە بۆ گەلی "ئەمریکا" دەردەکات لەبارەی ئەو بەرەوپێشچوونەی لەلایەن هاوبەشە ناوخۆییەکەوە بەدی هاتووە، کە ئەوەیش تا ئەو ڕۆژە چارەنووسسازە درێژەی دەبێت کاتێك هێزەکە داوای لێ دەکرێت بە تەنیا کارەکانی ئەنجام بدات. دواتریش، سایگۆن، موسڵ، ئێستاش کابول بەم شێوەیەی لێدێت.

لە ماڵپەڕی چاوی کورد وەرگیراوە