شارپرێس:
له‌میانی پێشوازیكردنی له سکرتێری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی و شاندێكی وه‌زاری عه‌ره‌بی و سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و گێڕانه‌وه‌ی پاره به‌تاڵانبراوه‌كان هه‌نگاوێكی گرنگە بەئاڕاستەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توند‌ڕه‌وی.
د. به‌رهه‌م ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه رایگەیاند، له كۆشكی به‌غداد پێشوازیکرد له ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یس، سکرتێری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی و وه‌زیرانی داد و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كانی دادوه‌ری عه‌ره‌بی و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كان و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی یاسایی به‌شدار لەكۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ "گێرانه‌وه‌ی پاره به‌تاڵانبراوه‌كان" له به‌غدا.
لە سەرەتادا سه‌رۆك کۆمار به‌خێرهاتنی میوانه‌كانی كۆنگره‌ی كرد و ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه عێراق رووەو دۆخێكی باشتر هه‌نگاو ده‌نێت و پێگه گرنگه‌كه‌ی خۆی له ناوچه‌كه‌دا به‌ده‌ست دێنێته‌وه، كه ساڵانێكە به هۆی جه‌نگ و ململانێی لایه‌نه‌كانی دیكه له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی ئه‌و رۆڵه‌ی جارانی لە دەستدابوو، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی هه‌بوو بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تان و ناوچه‌كه به گشتی، ھەروەھا ئاماژەشی کرد بۆ ئەوەی بەھێزبوونی عێراق هێزه بۆ هه‌موو ناوچه‌كە.
هه‌ر لەمیانی دیداره‌كه‌دا به‌رهه‌م ساڵح بەگرنگییەوە باسی لە کۆنگرەی گێڕانه‌وه‌ی پاره به‌تاڵانبراوه‌كان كرد و رایگەیاند، كه گه‌نده‌ڵی گرفته گه‌وه‌ره‌كه‌ی عێراق و زۆرێك له ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌یه كه سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ئیفلیج كردووه، گه‌نده‌ڵیش ئابووری سیاسی تیرۆر و توندڕه‌وییه و داعش و زۆرێك له رێكخراوه تیرۆرستییه‌كانی دیكه تا راده‌یه‌كی زۆر له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیاندا پشتیان به پاره به‌تاڵانبراوه‌كانی گه‌نده‌ڵی به‌ستووه.
سەرۆک کۆمار روونیکردەوە، له پێناو گێرانه‌وه‌ی پاره به‌تاڵانبراوه‌كان" سەرۆکایەتی کۆمار پڕۆژه‌یاسایه‌كی خستۆته‌ڕوو كه میكانیزمی توندی پێشوه‌خته‌ی له‌خۆگرتووه و دواتریش هه‌نگاوی دیكه‌ی به‌دوادا دێن بۆ گێڕانه‌وه‌ی پاره به‌تاڵانبراوه‌كان، ئه‌مەش پشت ئه‌ستووره به میكانیزمی واژووکردنی رێككه‌وتننامه‌كان له نێوان وڵاتان و بره‌ودان به هاریكاری له‌گه‌ڵ رێكخراو و لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه په‌یوه‌ندیداره‌كان و سودوه‌رگرتن له ئه‌زموونه جیهانییه سه‌ركه‌وتووه‌كان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی.
هه‌ر له‌و میانه‌دا سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌شی خستەڕوو، كه گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی بێ سنووره و سنووری پێکھاتە و نه‌ته‌وه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت و كۆسیسته‌مێكی به‌یه‌كه‌وه گرێدراوی تۆكمه‌یه، به‌شێكی زۆری ئه‌و توندوتیژیه‌ی رووبه‌ڕووی عێراق بووەته‌وه په‌یوه‌سته به تۆره‌كانی گه‌نده‌ڵی دارایی له به‌قاچاخبردن و بازرگانیكردنی نایاسایی، ھاوکات سه‌رۆك به‌رهه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه بەگژاچوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و جێگیركردنی پایه‌كانی سه‌قامگیری له وڵات‌دا ته‌نها به‌وه ده‌بێت كه به‌هه‌مان شێوه‌ی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر به‌ره‌نگاری گه‌نده‌ڵیش ببینه‌وه.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا بەرهەم ساڵح جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌ركی سه‌رشانی ده‌وڵەتانی جیهانه وه‌ك چۆن له رووی سه‌ربازییه‌وه رووبه‌ڕووی تیرۆر بوونه‌وه، بەھەمان شێوە به‌ره‌نگاری دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌ده‌ستهێنانی سامانی نایاسایی ببنه‌وه، سه‌رۆك به‌رهه‌م ئه‌وه‌شی دووپاتکردەوە كه ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌فغانستان هات یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رئه‌نجامی نقومبوون بوو له گه‌نده‌ڵی كه كۆسیسته‌می حوكمڕانی ئه‌و وڵاته‌ی ئیفلیج كردبوو و ھەروەھا شه‌رعییه‌تێكی لە دەستدابوو.
له كۆتایدا سه‌رۆك کۆمار ئه‌وه‌ی دووپاتكرده‌وه كه زۆر پێویسته سازان و چوارچێوه‌ی كاری عه‌ره‌بی و هه‌رێمایەتی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌بن له پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌ی مه‌ترسیداری گه‌نده‌ڵی، سه‌رۆك به‌رهه‌م هیوای ئه‌وه‌شی خواست كه كۆنگره‌ی به‌غدا بۆ گێڕانه‌وه‌ی پاره به‌تاڵانبراوه‌كان ده‌رئه‌نجامی كرده‌یی و په‌سه‌ندكردنی میكانیزمی یاسایی گونجاوی لێبكه‌وێته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع جێبەجێ بكرێت، سه‌رۆك کۆمار ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه سه‌ركه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ی عێراق لێكه‌وت و ره‌نگدانه‌وه‌ی باشی ده‌بێت بۆ سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه.
س.هـ