دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم لەنێوان سەروەری و پاشکۆیی حزبدا

کوردستان

16/09/2021‌ 1195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ساڵانێکی زۆرە بەردەوام باس لە بێدەسەلات بوونی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێت لە بەرامبەر حزبەکان و بەرپرسی حزبەکاندا، داواکاری گشتی و دادووەر ودادگاکان بونەتە بەشێک لە قسە و ڕەخنەی بەردەوامی شەقام و چالاکان و چاودێران، خۆیان دەڵێن بێ لایەن و سەربەخۆن و خەڵکیش بە دەستەمۆی حزب ناویان دەبات.


ڕووداوەکانی دوای هەشتی تەمموزی ئەمساڵ لەگەڵ ئەگەر چی پەردەی لەڕووی ناکۆکی و ململانێیەکی توندی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵماڵی، هاوکات دووبارە پرسی سەروەریی یاسای لە هەرێمی کوردستان هێنایەوە بەرباس

کاتێک بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دێنەقسە، سەرسەختانە داکۆکیی لە سەروەریی یاسا و دادگاکان دەکەن، بەڵام ساڵانەش ژمارەی ئەو کەیسانەی لە دادگا تۆمارکراون و دەسەڵاتی دادوەریی ناتوانێت بەلایاندا بچێت ڕووی لەزیادبوونە

دوای هەشتی تەمموز لە سلێمانی دۆخێک دروستبوو نەک بەتەنها دادگای شارەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بە هەمانشێوە خستووەتە نێو بازنە گومانەوە، چونکە ڕۆژانی دوای هەشتی تەمموز زنجیرەیەک تۆمەت ئاڕاستەی ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی کران، کارگەیشتە ئەوەی دادگای سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەندێک لەو بەرپرسە تۆمەتبارانە دەرکرد.

د. میران محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی لەسەر سكاڵایەك كە تایبەت بوو بە دۆسیەیەكی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، لەلایەن دادگاوە داواکرا و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو.

ڕاستەوخۆ دوای فەرمانی دەستگیرکردنەکە و لەپاڵ ڕێڕەوە یاساییەکەی کەیسەکە، ڕێڕەوە عەشایەرییەکەی کەیسەکە دەستی بە جوڵە کرد، عەشیرەتی میراودەلیی کە د.میران سەر بەو عەشرەتەیە، چەند جارێک دانیشتنیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی ئەنجامدا بۆ چارەسەکردنی کێشەی کوڕەکەیان.. هاوکات لەگەڵ ئەو هەوڵانەشدا دادگا داوای دکتۆر میرانی دەکرد کە شوێنەکەی ئاشکرا بوو، بەڵام دادگا نەیتوانی بڕیارەکەی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە هەرێمی کوردستان ئەو کەیسانەی پەیوەندیدارن بە هاووڵاتییانەوە بە خێراییەکی پێوانەیی دەگاتە دوا پلەی خۆی،ڕەنگە زیندوترین نمونە دادگایی شیروان شیروانی و ‌هاوڕێکانی بێت کە تەنها بە یەک دانیشتنی دادگا سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام کەیسی بەرپرسان بە ماراسۆنێکی کیسەڵ ئاسا ساڵ بە ساڵێکی دیکە دەسپێرێت، وەک عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر کەیسەکەی دکتۆر میران دەڵێت "دۆسیەکەم ساڵی ٢٠١٧ بردە داواکاری گشتی، چوار ساڵ دۆسیەکە لە داواکاری گشتی بوو نەجوڵا، ناکۆکی دروستبوو جوڵاو بڕیاری دەستگیرکردن دەرچوو"

خاوکردنەوەی ڕێڕەوەی کەیسی بەرپرسانی حکومەت و حزب لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگاکانەوە کارێکی لەخۆوە نییە، بەڵکو پێشوەخت ڕێککەوتنی ڕانەگەیەندراوی حزب و حکومەتە، بۆئەوەی دۆسیەی بەرپرسەکانیان هەرچەندە دەشچێتە دادگا، بەڵام خاوبوونەوەی تیادا بکرێت تا ئەو کاتەی لەنێوخۆی حزبدا بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت... یاخود لە دادگای حزب کە ناوێکی سەردەمیانەی لێنراوە بە ناوی "مەکتەبی کۆمەڵایەتی" بەرد دەخرێتەسەر دۆسیەکان.

دادگا لە هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی بەرپرسانی باڵای حزبدا جگە لەوەی بێدەنگی هەڵبژاردووە، نەیتوانی هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ سەلماندنی دەسەڵاتی خۆی بنێت، چونکە دوای هەشتی تەمموز لە هەردوو بەرەی ناکۆکی یەکێتی ژمارەیەک تۆمەت ئاڕاستەی یەک کران، کە دەکرا داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان دەستبەرداری سەرجەم کارەکانی ببێت و خۆی بۆ ئەو دۆسیەیانە تەرخانبکات، چونکە دۆسیەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیدار بوون بە ژیانی هاووڵاتیانەوە....

بەگوێرەی یاسا لە هەرێمی کوردستان ئەگەر کەسێک تەنها شتێکی بچوک لە مارکێتێکدا بدزێت لەلایەن دادگاوە سزای توند دەدرێت، بەڵام ڕۆژانە بەبەرچاوی دادگاو داواکاری گشتیەوە زەوی و موڵک و مالی گشتی داگیردەکرێت و تەخشان و پەخشان دەکرێت و کەسیش هیچ ناڵێت.

ڕۆژانە بە بەرچاوی دونیاوە کاڵای ماوە بەسەرچوو لە دەروازەکانەوە هاوردە دەکرێت و قاچاچێتی بوەتە بنێشتە خۆشەی سەرزمانی هەموو کەس کەچی داواکاری گشتی و دادگاکان بێدەنگ لێی دانیشتوون.

دادگاو داواکاری گشتی و دامەزراوە دادیەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەربەخۆ و دور لە دەستوەردانی حزبین، بەڵام ئەوەی دەبینرێت تەواو پێچەوانەیەو زۆر کات لە بۆنەو بانگەشەو مەراسیمە حزبیەکاندا دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی لە ڕیزەکانی پێشەوە دانیشتون و کار بۆ حزبەکانیان دەکەن کە ئەمە تەواو پێچەوانەی ئەو یاسایەیە کە خۆیان جێبەجێی دەکەن بەسەر هاوڵاتیاندا.