ڕووسیا کار لەسەر دەرکردنی هێزەکانی تورکیا و ئێران لە سوریا دەکات

جیهان

17/09/2021‌ 1124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەنی، لەدوای دیدارەکەی ئەمدواییەی ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا و بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لە مۆسکۆ، ئەو دوو وڵاتە پەیامی ئەوەیان ناردووە کە قۆناغی داهاتوو، قۆناغی دەرکردنی هێزە بیانییەکان دەبێت لە سوریا، بەتایبەت هێزە سەربازییەکانی هەریەک لە ئێران و تورکیا.


ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیەدا کە پشتی بە لێدوانی چەند سەرچاوەیەک (کەناوی نەهێناون) بەستووە، باسی لەوەکردوو ەکە پۆتین بۆ جێگیرکردنی ڕژێمی ئەسەد و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ئیدلب و ناوچە کوردییەکان، جگە لە دەرکردنی هێزە بیانییەکان بەتایبەت هێزەکانی تورکیا هیچ ڕێگەچارەیەکی تری لەبەردەمدا نەماوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە پۆتین دەیەوێت دۆخی سوریا لە پرسەکانی تری پەیوەست بە هەماهەنگییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا لەیەکتر جیابکاتەوە، ئەمەش مانای وایە مۆسکۆ مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا قبووڵ ناکات.

ڕۆژنامەکە پێیوایە ئەگەر بوونی سەربازیی ئەمەریکی لەناوچە کوردییەکان جێگای نیگەرانی مۆسکۆ بێت، ئەوە بەئەندازەی بوونی تورکیا مەترسییەکی ستراتیژی نییە، بەتایبەت کە بەپێچەوانەی ستراتیژییەتی تورکی، وابڕیارە سەدان سەربازیی ئەمەریکی لەچوارچێوەی پلانی ئەمەریکا بۆ کشانەوە لەناوچە نائارامەکان لەو وڵاتە بِرۆنە دەرەوە.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە بەرپرسانی مۆسکۆ هەر لە بوونی تورکیا لە سوریا نارازیی نین، بەڵکو ڕۆڵی ئێرانیش لەو وڵاتەدا ئاستەنگ بۆ پلانەکانی ڕووسیا بۆ گەرەنتیکردنی جێگیرکردنی دۆخی سیاسیی سوریا درووستدەکات، بەتایبەت کە مۆسکۆ دەیەوێت لەسەر ئاستی دوورمەودا کۆنترۆڵی ئەو وڵاتە بکات و لەڕێگای چەندین ڕێککەوتننامەوە قەرەبووی هەموو ئەو خەرجیانە بکاتەوە کە لەماوەی چەند ساڵی جەنگی سوریادا لەو وڵاتە کردوویەتی.

باس لەوەشکراوە کە لەپێناو کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران لە سوریا، ئێستا ڕووسەکان هاوڕای ئەو داواکارییەی ئیسرائیلییەکانن کە دەیانەوێت سنوورێک بۆ هەژموونی ئێران لە سوریا دابنرێت، تەنانەت ئەگەر ئەوە بەشێوەیەکی پلە بە پلەش بێت و گەرەنتی ئەوە بکات ئێرانییەکان لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل و بەرەو قوڵاێی خاکی سوریا دووربخاتەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی