عەرەب و تورکمانەکان دژ بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک رێکدەکەون

کوردستان

19/09/2021‌ 656 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەڕلەمانتارێکی عەرەبی شاری کەرکووک ڕێککەوتنێکی نێوان لایەنە عەرەبیی و تورکمانییەکانی کەرکوک بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پارێزگاکە ئاشکرادەکات و دەڵێن هێزە فیدراڵییەکان بەتەنیا توانای پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەیان هەیە.

خالید مەفرەجی پەڕلەمانتاری عەرەبی پارێزگای کەرکووک لەلێدوانێکدا بە پێگەی "مەعلوومە"ی وتووە : لایەنە عەرەبیی و تورکمانییەکانی کەرکووک لەسەر ئەوە ڕێکەکوتوون کە لەپێش هەڵبژاردنەکان ڕێگە بە گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پارێزگای کەرکووک نەدەن، دەشڵێت هێزە عەرەبیی و تورکمانییەکان بەهەموو پێکهاتەکانیانەوە هاوڕان لەسەر ئەوەی کە بەهیچ جۆرێک نابێت جگە لە هێزە فیدراڵییەکان هیچ هێزێکی تر لە پارێزگاکەیاندا بوونیان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە نزیکی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکووک دەکەن ناڕاستن، لەبەرئەوەی هێشتا بڕیاری ئەمنیی پارێزگاکە بەتەنیا لەدەستی حکومەتی ناوەنددایە، روونیشی کردۆتەوە کە نوێنەرانی شارەکە ڕێگە بەهیچ ڕێککەوتنێک نادەن دۆخی کەرکووک بۆ پێش رووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر بگێڕێتەوە.

لەلایەکی ترەوە، محەمەد سەمعان وتەبێژ بەناوی بەرەی تورکمانییەوە بە مەعلوومەی رایگەیاندووە لە ترسیان لە جوڵەکانی ئەمدواییەی هێزەکانی پێشمەرگە لەناو سنووریی ئیداریی کەرکووک هەیە، بەوپێیەی مەترسیی هەیە ئەوە سەرەتای بڵاوەپێکردنی ئەو هێزانە بێت لە کەرکووک و سەرجەم ناوچە کێشەلەسەرەکانی تر.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی