شارپرێس:
لەگەڵ ئەوەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا بەردەوام ئەمریکا هۆشداریداوەتە تورکیا کە خۆی لەکڕینو بەگەڕخستنی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی بەدوربگرێت، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دهڵێت:"حکومەتەکەی نیازی هەیە ژمارەیەکی تر لەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە لەڕوسیا بکڕێت".
لەچاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس نیوز"ی ئەمریکی ئەردۆغان باسی لەوەشکردوە، ڕازینەبونی ئەمریکا بەکڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی پاتریۆتی ئەمریکی هۆکاری سەرەکیی پەنابردنی تورکیا بوە بۆ کڕینی سیستەمە موشەکییە ڕوسییەکە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی ئەو بانگەشەیەی ئەردۆغان ڕەتدەکەنەوە.
سەرۆکی تورکیا دهڵێت:"لەگەڵ ئەوەی پێشەکیی 1.4 ملیار دۆلارمان بۆ کڕینی داوە، بەڵام واشنتۆن ڕازیی نییە فڕۆکەی شەبەحی F-35مان ڕادەستبکات، جگەلەوەی تورکیای ئەندامی ناتۆیان لەبەرنامەی دروستکردنی فڕۆکەکە کردە دەرەوەو سزایان بەسەر دامەزراوە سەربازییەکانماندا سەپاند".
لەوەڵامی پرسیارێکی کەناڵە ئەمریکییەکەشدا کە ئایا تورکیا ژمارەیەکی زیاتر لەسیستەمی دژە ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی دەکڕێت، ئەردۆغان وتویەتی:"بەدڵنیایی بەڵێ".
ئەردۆغان وتوشیهتى:"لەئایندەدا کەس ناتوانێت دەستتێوەردان لەوەدا بکات کە ئایا تورکیا چ جۆرە سیستەمێکی بەرگری ئاسمانیی بەدەستدەهێنێتو لەکام دەوڵەتیشی دەکڕێتو لەسەر چی ئاستێکیش دەبێت، بەڵکو تەنها تورکیا خۆی وەها بڕیارێک دەدات".
پرسی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی لەپاڵ پاڵپشتیکردنی کوردانی سوریا لەلایەن ئەمریکا کەبەلای تورکیاوە تیرۆریستنو بابەتی داڵدەدانی فەتحوڵڵا گویلەن کە لەلایەن تورکیاوە بەپلانداڕێژەری کودەتاکەی ساڵی 2016 دادەنرێت، یەکێکە لەناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان ئەنکەرەو واشنتۆن.