ئەو گەریلایەی هەواڵی شەهیدبوونی بڵاوبووەوە لە زیندانی ئیتلاعاتدایە

کوردستان

28/09/2021‌ 1508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشکرایکرد، ئیدریس فەقیهی، گەریلای پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) کە دوو مانگ لەمەوبەر هەواڵی شەهیدبوونی بڵاوبووەوە، نەمردووە و لە زیندانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێدا راگیراوە.
 
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویانکردووەتەوە، هەندێک سەرەداویان دەستکەوتووە کە ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پژاک لەو پێکدادانەی کە رۆژی 24-07-2021 لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و ژمارەیەک گەریلای پژاک لە ناوچەی بۆکان لە پارێزگای ورمێ هاتووەتە ئاراوە، بریندار بووە و دوای دوو رۆژ بە برینداری دەستگیرکراوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، زانیارییەکانیان لە بەندکراوێکی سیاسی دەستکەوتووە کە ئەویش لە گرتووخانەی رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر بووە.

پژاک رۆژی 06-08-2021 رایگەیاند، دوو گەریلایان بە ناوەکانی ئیدریس فەقیهی و موحسین قادری لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری بۆکان کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی ئێران و شەهید بوون.