دوای 2025 قەیرانە مەترسیدارەکە لەعێراق سەرهەڵدەدات

عیراق

06/10/2021‌ 7533 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆرێکی بواری ئاو لەعێراق هۆشدارییده‌دات لەوەی لەداهاتودا بەهۆی قەیرانی ئاوو وشکەساڵییەوە بەبیابانیبون‌و کارەساتی گەورە ڕوو لەعێراق دەکات، ئاشكراشیكردوه‌، "بەشێوەیەک ئاوەرەبون‌و لەدەستدانی هەمەچەشنی زیندەیی‌و پیسبونی ئاوو چەندین نەخۆشیی تریشی بەدواوە دەبێت"، ده‌شڵێت:"دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەئاست گەورەیی ئەو مەترسییەدا بێدەنگیان هەڵبژاردوە".


تەحسین موسەویی پسپۆڕی بواری ئاو لەلێدوانێکیدا بەرۆژنامەی "سەباح"ی وتوە، "دۆسیەی ئاو لەعێراق زۆر مەترسیدارە، لەبەرئەوەی پێشبینیدەکرێت لەدوای ساڵی 2025 وشکەساڵی ڕاستەقینەو مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌كه‌ ڕوو لەعێراق بکات، ئەو بابەتەش جیهانییەو ماوەی دوو دەیە دەبێت زانایان هۆشداریانداوە".

وتوشیه‌تى:"بەڵام لەعێراق لەدوای ساڵی 2003 کەمتەرخەمییەکی گەورە لەئاست ئەو پرسەدا هەیەو ئەوانەی بەرپرسیارێتی ئەو دۆسیەیان هەڵگرتوە گوێ به‌مەترسییەکانی نادەن".

موسەی ئاماژەی بەوەکردوە، "سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لەتورکیاو ئێرانەوەیە، بۆیە پێویستبوو ئەو دۆسیەیە بەنێودەوڵەتیی بکرابایە بۆئەوەی عێراق پشکی ئاوی خۆی وەرگرتبایە، بەڵام وڵاتە دراوسێکان دۆخی ناهەمواری عێراقیان قۆستۆتەوەو بەپێچەوانەی دەق‌و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەو بوارە، دەستدرێژیان کردۆتەسەر پشکی ئاوی عێراق".