پارێزەرە تایبەتەکەی دەمیرتاش هۆکاریی ئازاد نەبوونى دەمیرتاش ئاشکرا دەکات

کوردستان

08/10/2021‌ 277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چەند جارێک داوای لە تورکیا کردووە سەلاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندان ئازاد بکات، بەڵام دەسەڵاتدارانی  تورکیا سوورن لەسەر هێشتنەوەی دەمیرتاش لەزیندان، لەوبارەیەشەوە بەنان مۆڵو پارێزەری تایبەتی سەلاحەددین دەمیرتاش هۆکاری هێشتنەوەی بریکاردەرەکەی لە زیندان ئاشکراکردووە.

پارێزەرکەی دەمیرتاش لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: دەسەڵاتدارانی تورکیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردن و ڕکابەریکردنی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان ، دەیانەوێت سەلاحەددین دەمیرتاش لە زینداندا بهێڵنەوە.

مۆڵو هەروەک وتویەتی: رۆژی دووی حوزەیرانی رابردوو دەبوو پلانی جێەجێکردنی تایبەت بە دۆسیەی دەمیرتاش پێشکەش بکرێت، بەڵام حکومەتی تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ پلانێکی پێشکەش نەکردووە، هەرئەمەش وایکرد ئەنجوومەنی ئەوروپا کە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەکات دوایین مۆڵەت کە دووی ئەیلوولی رابردوو بوو، بۆ تورکیا دابنێت.

جەختیشی کردۆتەوە کە ڕێگریکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لەبەرژەوەندی دەمیرتاش دەردەچن ئامانج لێی هێشتنەوەیەتی لەزینداندا بۆئەوەی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا بەشداریی نەکات و نەبێتە ڕکابەری ئەردۆغان.

سەلاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2016 وە بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی تیرۆر لە زیندانی ئەدرنەدایە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی