ئەمریکا بەڕێگه‌یەکی نوێ هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

کوردستان

16/10/2021‌ 6273 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرچەندە بەپێی یاسای "قەیسەر" ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەموو جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانیی لەگەڵ ڕژێمی سوریا قەدەغەکردوە، بەڵام ئیدارەی بایدن ڕێگەی بەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان داوە بازرگانیی نەوت لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق پەرە پێبدات.


بەپێی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی سوریا کە پشتی بەچەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بەستوە، لەمیانی سەردانی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئیلهام ئەحمەدی هاوسەرۆکی مەسەدە داوایکردوە، واشنتۆن لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئابوری ناوچەکە، چاوپۆشی لەبازرگانیی نەوت لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان‌و حکومەتی سوریادا بکات.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردوە، بەرپرسانی ئەمریکا پێشنیازەکەی شاندی ڕۆژئاوای کوردستانیان ڕەتنەکردۆتەوە، بەڵام داوایانکردوە ئەوە هاوکاربێت بۆئەوەی بەشێوەیەکی فراوانتر لەگەڵ دیمەشق بکەونە گفتوگۆوەو کەناڵی نوێی پەیوەندی لەگەڵدا بکەنەوە.

باس لەوەشکراوە، واشنتۆن ناتوانێت سەبارەت بەیاسای قەیسەر "ڕیزپەڕبونی یاسایی" بۆ ئیدارە خۆسەر دەربکات، لەبەرئەوەی ئیدارەکە خۆی پێکهاتەیەکی یاسایی‌و دەستوریی نییە، بۆیە ئیدارەی بایدن تەنها دەتوانێت چاوپۆشی لەو مامەڵە بازرگانییە بکات‌و کار لەسەر سزادانی نەکات.

سەرچاوەکان باسیان لەوەکردوە، هەرچەندە لەماوەی ڕابردوشدا بازرگانیی نەوت لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان‌و دیمەشقدا هەر هەبوە، بەڵام ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەترسی کاردانەوەی ئەمریکا بەفەرمی ئەو وڵاتەی لەبابەتەکە ئاگادارکردۆتەوەو داوای ڕەزامەندی لەسەر فراوانکردنی بازرگانییەکەی لێکردوە.