پارتى ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى باڵاى له‌پۆسته‌كانیان دورده‌خاته‌وه‌

ڕاپۆرت

27/10/2021‌ 5330 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی هەنگاوەکانی گۆڕانکاریی لەهەڵەبجەوە دەستپێکردو لەبادینان کۆتایی پێدەهێنێت، گۆڕانکارییەک کە بەشێکی وەک سزاو بەشێکیشی وەک ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەنجامیدەدات.


دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی پەرلەمانی عێراق، پارتی لەسەر ئاستی کوردستان‌و ناوچە دابڕاوەکان هەشت کورسی زیادیکردو بە33 کورسی پەرلەمانییەوە دەچێتەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام زیادکردنی ژمارەی کورسیەکانی بەواتای زیادکردنی ژمارەی ئەندام‌و لایەنگری پارتی نایەت‌و بەپێی داتاو ئامارەکان، پارتی لەسەرتاسەری کوردستان لەڕوی دەنگەوە پاشەکشەیەکی بەرچاویکردوەو ژمارەیەکی زۆری دەنگەکانی لەدەستداوە، بەجۆرێک کە لەسێ ساڵ‌و لەنێوان دوو خوڵی هەڵبژاردندا لەهەرسێ پارێزگاکەی هەرێم 145 هەزارو 484 دەنگی کەمکردوە.

ئەم ژمارەیە بۆ حزبێکی وەک پارتی بەپاشەکشەیەکی مەترسیدار ئەژماردەکرێت، چونکە پارتی خاوەنی جەماوەرێکی تاڕادەیەک جێگیرو نەگۆڕەو لەهەموو حاڵەتێکدا ئەو حزبە پشتیوان بەو جەماوەرو دەنگدەرە جێگیرەی کە هەیەتی دەچێتە ململانێ سیاسیەکان‌و پرۆسەکانی هەڵبژاردنەوە.

پارتی هەر زوو دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان لیژنەیەکی باڵای بۆ لێکۆڵینەوەو پێداچونەوە بەو دۆخە نوێیەی حزبەکەدا دروستکردو بەپێی زانیاریەکانی شارپرێس لیژنەکە کە لەبەرپرسانی باڵای حزبەکە پێکهاتوە، سەرپشککراون لەئەنجامدانی هەر گۆڕانکاریەکی پێویست‌و دەرکردنی هەر بڕیارێکی پێویست بۆ باشکردنی دۆخی حزبەکەو ئاشتکردنەوەی جەماوەرو دەنگدەرو کادرە زویربوەکان، چونکە لەساڵی داهاتودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەبەردەم حزبەکەیدایەو سەرکردایەتی حزبەکەش چاوی لەوەیە سەرکەوتنێکی باش بەدەستبهێنێت‌و بەزۆرینەی ڕەهای پەرلەمانەوەو بچێتەوە خولێکی نوێی پەرلەمانی کوردستان.

لیژنە باڵاکەی پارتی دەستیان بەگۆڕانکاریەکان کردو بەپێی زانیاریەکانی شارپرێس لەپارێزگای هەڵەبجەوە دەستیان پێکردوەو یەکەم گۆڕانکاریەک کە بڕیاریان لێداوە گۆڕینی بەرپرسی لقی 12ی حزبەکەیە لەپارێزگای هەڵەبجەو دانانی فارس نەورۆڵی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی هەڵەبجە لەشوێنی بەرپرسی ئێستای لقەکەیە.

دەنگەکانی پارتی بەڕێژەیەکی زۆر لەسنوری لقی 12 کەمیکرد کە پارتی ناچارکردوە یەکەم گۆڕانکاریی لەو سنورەوە دەستپێبکات‌و هەنگاوەی یەکەمی کاروانی گۆڕانکاریەکانی لەوێوە هەڵبگرێت، وێڕای شکستی حزبەکە لەدەرچواندنی کاندیدی پارتی لەسنورەکە کە ئەشواق جافی تاکە کاندیدی حزبەکەبوو، ناڕەزایی‌و نیگەرانی‌و دورکەوتنەوەی بەشێکی زۆر لەکادرو بەرپرسانی حزبەکە لەسنورەکە هۆکارێکی تری گۆڕانکاریەکانە، چونکە لەڕابردودا بەشێکی زۆری پارتیەکانی سنورەکە ناڕەزایی خۆیان لەکارکردنی لقەکەیان‌و بەرپرسی لق بەتایبەت دەربڕیوەو هەندێکجاریش سنوری حزبیی تێپەڕاندوەو ناڕەزایی‌و کێشەو ناکۆکیەکان گەیشتۆتە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە ئەمەش بۆ حزبێکی وەک پارتی مایەی قبوڵکردن نییە.

گۆڕانکاریەکان تەنها لەهەڵەبجە نامێننەوەو بەپێی زانیاریە تایبەتەکانی شارپرێس، گۆڕینی بەرپرسی لقی چواری ئەو حزبەش یەکێکی تر دەبێت لەهەنگاوەکان، هەرچەند تائێستا نە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دراوە نە جێگرەوەشی دیاریکراوە، بەڵام بەشێوەیەکی مەبدەئی بڕیاری گۆڕین‌و دورخستنەوەی بەرپرسی ئێستای لقی چوار دراوەو لەڕۆژانی داهاتودا لەگەڵ ڕاگەیاندنی گۆڕانکاریەکان ئەویش ڕادەگەیەنرێت.

گۆڕانکاریەکانی پارتی تەنها لەلقەکان قەتیس نەبوەو شارپرێس زانیویەتی کە بڕیاری گواستنەوەی عارف تەیفور ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی‌و بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی هەڵەبجەی حزبەکە، یەکێکی ترە لەگۆڕانکاریەکان‌و بۆ شوێنگرەوەی ناوبراو چەند ناوێک پێشنیازکراون‌و مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و وتەبێژی پارتی بەهێزترین کاندیدی پڕکردنەوەی پۆستەکەی عارف تەیفورەو لەنێو کادرو بەرپرسانی پارتی لەسلێمانی کەسێکی قبوڵکراوە.

شارپرێس زانیویەتی، بۆچونی بەشێک لەکادرانی ناوەندی‌و لقەکان‌و سەرکردایەتی سلێمانی وەرگیراوە لەسەر دانانی ناوبراو بۆ ئەو پۆستەو ڕەزامەندی زۆرینەی لەگەڵ بوەو پێدەچێت لەڕۆژانی داهاتودا ناوبراو لەسلێمانی دەستبەکاربێت.

سەرچاوەکەی شارپرێس زانیاری درکاند کە پاش ئەم زنجیرە گۆڕانکاریەی سلێمانی‌و هەڵەبجە، پارتی گۆڕانکاریی لەلقەکانی سنوری بادینان‌و بەشێک لەئۆرگانە باڵاکانی حزبەکە لەهەولێر دەکات‌و کاروانی گۆڕانکاریەکان بەردەوامدەبێت کە بەشێک لەگۆڕانکاریەکان وەک سزایەکی حزبەکەیە بۆ ئەو پاشەکشەیەی لەسەرتاسەری کوردستان‌و بەتایبەت لەهەندێک سنوردا لەڕوی ژمارەی دەنگەوە حزبەکە کردویەتی‌و بەشێکیش وەک ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستانەو پارتی لەئێستاوە دەیەوێت خولی داهاتوی پەرلەمان بکاتە پەرلەمانی زۆرینە پارتی بەزۆرینەیەکی ڕەها.

لەپاش دەرکەوتنی ئەنجامەکان‌و بایکۆتی نزیکەی لەسەدا 70ی دەنگدەران‌و سوتاندنی ڕێژەیەکی زۆری دەنگ لەلایەن خودی دەنگدەرانەوە، زۆرینەی حزبەکان توشی جۆرێک لەشکست‌و شۆک بون‌و هیچکام لەحزبەکان لەئەنجامی دەنگەکانیان ڕازی نین، ئەگەرچی لەئەنجامی کورسی بەدەستهاتویان ڕازین، چونکە دەزانن ئەگەر ئەو زۆرینەی بایکۆتی کردوە بچوایەتەسەر سندوقی دەنگدان‌و دەنگی بدایە، ئەنجامی ئەو حزبانە ئەنجامێکی زۆر خراپ دەبوو، چونکە بەهەموو حزبەکانەوە نەیانتوانیوە یەک لەسەر سێی متمانەی ئەوکەسانە بەدەستبهێنن کە مافی دەنگدانیان هەیە.

لەوانەیە گۆڕانکاریەکان بۆ پارتی ئاسانتربن تا هەر حزبێکی تر، چونکە پارتی ئێستا خاوەنی زۆرترین ژمارەی کورسییە لەسەر ئاستی هەرێم‌و دەتوانێت لەگۆڕانکاریەکاندا  دڵی ئەندام‌و هەوادارو کادرانی بەوە خۆشبکات‌و ئەو هیوایەیان لا دروستبکات کە بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتر گۆڕانکاریەکان دەکات، لەلایەکی تریشەوە هەر گۆڕانکاریەک کە بوترێت خواستی سەرۆکی پارتییە بێ چەندو چون هەموان پێوەی پابەنددەبن‌و هیچ کەس دژی گۆڕانکاریەکان دەنگ بەرزناکاتەوە.

بەپەلە