سه‌رۆك كۆمار: پێویسته‌ ھەموو ئەوانه‌ى دەستیان لەتاوانەکانی داعش هه‌یه‌ په‌لكێشى دادگا بكرێن

عیراق

28/10/2021‌ 2258 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رۆك كۆمارى عێراق جەختدەکاتەوە، لەپێویستی پەلکێشکردنی ھەموو ئەوکەسانەی دەستیان لەتاوانەکانی داعش ھەیە بۆ بەردەم دادگا، تاوەکو بەسزای خۆیان بگەن.


د.بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 لەکۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لەکریستیان ڕیتچەر سەرۆکی تیمی لیکۆڵێنەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەھێزکردنی لێپرسینەوە لەتاوانەکانی داعش.

لەو دیدارەدا سه‌رۆك كۆمار جەختیکرده‌وه‌ لەپێویستی بەدواداچون‌و لیکۆڵێنەوە لەو تاوانانەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەعێراق ئەنجامیداوە.

ئه‌وه‌ش دوپاتکرایەوە، لەبەھێزکردنی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق‌و تیمی لیکۆڵێنەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و دابینکردنی هەموو پشتیوانییەک بۆ تیمی لیکۆڵێنەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەجێگەیاندنی کارەکانی. 

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک كۆمار جەختیکردەوە، لەپێویستی پەلکێشکردنی ھەموو ئەوکەسانەی دەستیان لەتاوانەکانی داعش ھەیە بۆ بەردەم دادگا، تاوەکو بەسزا خۆیان بگەن‌و وشککردنی سەرچاوەی دارایی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.

د.به‌رهه‌م ساڵح بەگرنگییەوە باسی لەوەکرد، "پێویستە سەرجەم تاوانە قێزەونەکانی داعش دێکۆمێنت بکرێت‌و بەڵگەی پێویستیان لەسەر کۆبکرێتەوە بەتایبەتی ئەو تاوانەی پەیوەستن بەگۆڕە بەکۆمەڵەکان".

سه‌رۆك كۆمار دووپاتیکردەوە لەگرنگی دەربازنەبونی ھەموو ئەوکەسانەی تێوەگلاوەن لەتاوانەکانی داعش‌و پاراستنی قوربانییان‌و ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە.

لەکۆتاییدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لەکریستیان ڕیتچەر کرد بەبۆنەی دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی تیمی لیکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەھێزکردنی لێپرسینەوە لەتاوانەکانی داعش‌و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەئەرکە مرۆڤایەتییەکەیدا.