ئازاد ئارمان
گه‌وره‌ترین‌و مه‌زنترین وه‌رچه‌رخان له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ڕودانی (به‌رپابونی) شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ربوو له‌ساڵی 1917دا لەڕوسیا، به‌ڕێنمایی‌و ڕێبه‌ری به‌لشه‌فیه‌کان.
104 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌رده‌مانی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مدا (جه‌نگی وڵاته ئیمپریالیستییه‌کان) بۆ دوه‌مجار دوای کۆمۆنه‌ی پاریس چینی کرێکارانی ڕوسیا ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست‌و شوراکان بون به‌شێوازو ئۆرگانی ده‌سه‌ڵات له‌ڕوسیادا.
له‌شۆڕشی شوبات (فێبریوه‌ری)ی، ساڵی 1917دا، بۆرژوازی ڕوسیا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک تێده‌کۆشا ئه‌لگۆی په‌رله‌مانی بکاته ئه‌ڵته‌رناتیڤ له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتداری شورایی که ئه‌وکاته ده‌سه‌ڵاتی دولایه‌نه له‌کایه‌دا بوو. هه‌م بۆرژوازی خاوه‌نی هێز بوو هه‌م چینی کرێکاران، هه‌رگیز ئه‌م هه‌لومه‌رجه نه‌ده‌کرا ئاوا درێژه‌ی هه‌بێت. سه‌ره‌نجام دوای ململانێیه‌کی زۆر چینی کرێکاران له‌ڕوسیا توانیان به‌ته‌واوه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ده‌سته‌وه بگرن‌و ئه‌لته‌رناتیڤی بۆرژوازی تێکبشکێنن.
فلادیمێر ئیلیچ ئۆلیانۆڤ (لینین) هه‌ڵکه‌وتوترین سه‌رکرده‌ی شۆڕشی ڕوسیا، به‌م په‌یامه بانگه‌وازی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری ڕاگه‌یاند، "نان، ئاشتی، زه‌وی، گشت ده‌سه‌ڵات بۆ شوراکان" که دواتر بوو به‌دروشمی ملیۆنه‌ها مرۆڤی کارگه‌رو ڕه‌نجده‌ری سه‌رتاسه‌ری ڕوسیا. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات که شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر به‌رنامه داڕێژراو بوو له‌چاو شۆڕشی شوباتی هه‌مان ساڵدا که شۆڕشێکی به‌رنامه‌دارێژراو نه‌بوو، به‌ڵکو شۆڕشێکی خۆرسک بوو، هه‌روه‌کو که‌سایه‌تی دووهه‌می شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر لیۆن ترۆتسکی ده‌ڵێت:"هیچ که‌س نه‌بوو به‌شێوه‌یه‌کی پۆزه‌تیف به‌بیریدابێت که23ی شوبات خاڵی ده‌ستپێکردنی وه‌رچه‌رخان پێکدێنێت دژی حوکمی موتڵه‌ق"، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر به‌رنامه‌داڕێژراوو به‌پیلان بوو.
به‌ڵشه‌فیه‌کان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌گه‌ڵ کرێکاران‌و جوتیاران‌و ده‌ریاوانان به‌ستراتیژو تاکتیکی دروست توانیان به‌ته‌واوی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبێنن‌و ده‌سه‌ڵاتی شورایی له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات ڕابگه‌یه‌نن، ئه‌م ئه‌رک‌و داخوازییانه‌ی جێبه‌جێکرد که ئه‌و سه‌رده‌مه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتوترین ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری بێوێنه‌بوو که به‌شێکیان ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
کارگه‌و کارخانه‌کان له‌لایه‌ن شوراکان کۆنترۆڵکران‌و به‌ڕێوه‌ده‌بران.
زه‌وی ئاغاکان‌و کۆلاکه‌کان دابه‌شکران به‌سه‌ر جوتیارانی هه‌ژارو که‌مده‌رامه‌ت.
نەتەوە چه‌وساوه‌کان به‌مافی دیاریکردنی چاره‌نوس گه‌یشتن.
ئازادی‌و یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی دابینکرد بۆ ژنان. له‌وانه: مافی جیابوونه‌وه، مافی ئازادی له‌باربردن بۆ ژنانی دووگیان. (که بۆ یه‌که‌مجار له‌جیهاندا به‌ڕه‌سمی ناسرا)، ئێستاش له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان نایاساییه.
ده‌ستبه‌جێ‌و یه‌کلایه‌نه شه‌ڕی ئیمپریالیستی (جەنگی جیهانی یەکەم)ی ڕاگرت.
له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی دەوڵەتی سۆڤیەتیدا هه‌موو سات‌و سه‌ودایه‌کی به‌نهێنی‌و تەواوی پەیماننامەکانی پێشووی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی شوراکانه‌وه، له‌دوای ساڵی 1918 پارتی به‌لشه‌فیک‌و حکومه‌تی کرێکاری تووشی قه‌یرانی ناوخۆ‌و ده‌ره‌کی هات، گه‌وره‌ترینیان جه‌نگی ناوخۆ‌و هێرشی وڵاته ئیمپریالیستییه‌کان بوو. ئه‌وه‌بوو سه‌رکردایه‌تی پارتی به‌لشه‌فیه‌ک چه‌ندین شێواز‌و تاکتیکی جۆراوجۆریان داڕشت بۆ ڕزگاربون به‌سه‌ر ئه‌م گیروگرفتانه‌دا. به‌تایبه‌تی ده‌ورونه‌خشی ڕێبه‌رانی وه‌کو لینین‌و ترۆتسکی له‌وانه: پێکهێنانی سوپای سور، سیاسه‌تی نی‌پ، کۆمۆنیزمی جه‌نگی‌و ده‌ستنیشانکردنی خه‌ته‌ری سەرهەڵدانی بیروکراتیزم‌و …هتد.
دوای مه‌رگی لینینیش له‌ساڵی 1924دا هه‌رچی زیاتر بیروکراتیزم له‌ناو ده‌وڵه‌تی کرێکاری‌و پارتی به‌لشه‌فیک به‌هێزتربوو که له‌لایه‌ن فراکسیۆنی ستالینه‌وه ڕێبه‌ری ده‌کرا. له‌دوای ساڵی 1928دا چینی کرێکاران به‌ته‌واوی له‌ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ستداو چینێکی مشه‌خۆر هاته‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و به‌ره‌به‌ره بوو به‌ڕژێمێکی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی، له‌ژێر دروشم‌و تێزی “بنیاتنانی سۆسیالیزم له‌یه‌ک وڵات‌دا” گه‌وره‌ترین گورزیدا له‌بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران‌و سۆسیالیستی له‌ئاستی جیهاندا به‌دیاریکراویش وڵاتانی وه‌کو: ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، بولغاریا، سین، له‌ده‌یه‌ی بیست‌و سییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.
گرنگترین هۆکاره‌کانی شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر ئه‌مانه بون:
قه‌تیس مانه‌وه‌ی شۆڕش له‌ڕوسیا
سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕش له‌ئه‌ڵمانیا‌و ئیتاڵیا‌و بولغاریا.
شەڕی ناوخۆ‌و ئابڵوقەی وڵاتە ئیمپریالیستەکان.
له‌ده‌ستدانی به‌شێکی زۆر له‌کادرو ڕابه‌رانی کرێکاری له‌سه‌رده‌مانی جه‌نگی ناوخۆدا.
به‌هێزکردنی ناسیۆنالیزم له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نته‌رناسیۆنالیزم.
کوشتارو لەناوبردنی زۆربەی زۆری ڕابەرانی پارتی بەلشەفیک لەلایەن ستالینەوە.
له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی دژه کرێکاری‌و سۆسیالیستی باندی ستالین‌دا ئوپۆزسیۆنی چه‌پ به‌ڕێبه‌ری لیۆن ترۆتسکی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌ورێکی بێوێنه‌یان گێڕا. له‌ڕیسواکردنی ڕژێمی ستالینی‌و نیشاندانی جیاوازی یه‌کانی نێوان ستالینزم‌و به‌ڵشه‌فیزم که لیۆن ترۆتسکی کاتی خۆی به‌مشێوه‌یه پێناسه‌یکردوه، “ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌نێوان به‌لشه‌فیزم‌و ستالینزمه نه‌ک هه‌ر دیواری خوێنه، به‌ڵکو ڕوباری خوێنه”، هه‌روه‌ها له‌کۆتایی ساڵانی چله‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا سۆسیالیستی شۆڕشگێڕیی به‌ریتانی تۆنی کلیف له‌سه‌ر شانی تێورییه‌کانی لێ‌ون ترۆتسکی توانی لێکۆڵینه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌ی مارکسیستی ڕۆشن تر بکات له‌سه‌ر ڕوسیا‌و ڕژێمی ستالینی‌و دوای نیو سه‌ده له‌سه‌ر کاره‌کانی تۆنی کلیف مێژوو ڕاستی‌و دروستی ئه‌م بۆچونه‌ی سه‌لماند که به‌تیۆریی “سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی” ناسراوه. ئه‌م وته به‌ناوبانگه‌ی لیۆن ترۆتسکیمان به‌بیر دێنێته‌وه که کاتی خۆی به‌رامبه‌ر ڕژێمی ستالینی دەریبریوە که ده‌ڵێت:“تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌ی مێژویی زۆر به‌هێزتره، له‌تۆڵه‌ی سکرتێری گشتیی” .
شۆڕش له‌سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌که‌مدا
به‌راوردکردنی جیهانی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مانی به‌رپابوونی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر، جیاوازییه‌کی گه‌وره‌و زه‌ق به‌دیده‌که‌ین. له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی‌و چۆنایه‌تیه‌وه چ له ئاستی ڕوسیادا چ له‌ئاستی نێونەته‌وه‌ییدا. له ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه ئه‌مڕۆ ژماره‌ی چینی کرێکارانی قاڕه‌یه‌ک زۆر زیاتر‌و به‌رفراوانتره له‌ژماره‌ی چینی کرێکارانی هه‌موو جیهان له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م، ئه‌وکاته‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری تیایدا به‌رپابوو.
هه‌روه‌ها کێشه ئابووری سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌راورد ناکرێ به‌سه‌ده‌ی ڕابردوودا، ئێستا ئه‌م کێشانه‌و چه‌ندانی تر ڕوو له‌هه‌ڵکشانی تیژه. له‌باره‌ی پارسه‌نگیشه‌وه جێگای چینی کرێکاران له‌چاو توێژه‌کانی تری کۆمه‌ڵگا وه‌کو جوتیاران زۆر زیاتر‌و به‌هێزتره‌و ده‌یان هه‌زار کرێکار له‌یه‌که‌یه‌کی به‌رهه‌مهێناندا کارده‌که‌ن، له‌باری بێ‌کاری هه‌ژاری‌و جه‌نگی‌و کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری قه‌یرانی زیاتر‌و چه‌ند به‌رابه‌ره.
ئه‌گه‌ر به‌دیاریکراویش بگه‌ڕێینه‌وه بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، ئایا شۆڕش له‌سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌که‌مدا ئیمکانی هه‌یه؟ وه‌ڵامه‌که‌ی به‌دڵنیاییه‌وه به‌ڵێیه، ئه‌رێ به‌رپابونی شۆڕش له‌جهیاندا حه‌تمییه، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنی حه‌تمی نییه، ئه‌ویش به‌و ده‌لیله‌ی ئه‌زموونه‌کانی 150 ساڵی ڕابردوو له‌چه‌ندین وڵات نیشانیداوه به‌بێبوونی “پارتی شۆڕشگێڕ”ی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان‌و تیۆریی “شۆڕشی به‌رده‌وام” ئیمکانی نییه ئه‌م سه‌رکه‌وتنه مسۆگه‌ربکرێت.
ئه‌گه‌ر 150 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌وته‌ی مارکس‌و ئه‌نگلس تارمایی کۆمۆنیزم له‌ئه‌وروپادا له‌هاتوچۆدا بوو، ئه‌وه ئه‌مڕۆ ئه‌م تارماییه بۆته ڕاستییه‌کی به‌ڵگه‌نه‌ویست‌و له‌هه‌ر پێنج قاره‌ی دونیا ئه‌م تارماییه ده‌بینرێ‌و له‌جوڵه‌دایه. ئه‌ویش بزاڤی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دژە سه‌رمایه‌داریی‌و جه‌نگ‌و دژی لیبرالیزمی نوێیه. له‌هه‌ناوی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا سیمای دونیایه‌کی تر، دونیایه‌کی باشتر (دونیایی سۆسیالیزم) به‌دیده‌کرێت که نه‌ک هه‌ر ئیمکانی هه‌یه، به‌ڵکو بۆ کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌هه‌موکات پێویست تره.
