ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و تێکدانى ژینگەى هەرێمی کوردستان

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 74 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە
ساڵانێکە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان شایەتحاڵى دووبارەبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیان بە بیانووی شەڕى گەریلاکانى پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە کە لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، پرۆسەیەکی سیستماتیکی لەناوبردنی دارستان و ژینگەی سروشتی هەرێمى کوردستان لە ناوچەکانی بادینان، زاب و ئاواشینى بەڕێوەدەبرێت.
ئەم نوسینە ئامانجی لێکۆڵینەوەیە لە ڕەهەندە ژینگەیی و سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە و شیکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە و ئابووری ناوخۆیی و سەروەری هەرێمى کوردستان و تاوتوێکردنی بێدەنگی نێودەوڵەتی و ناوچەکە سەبارەت بەم پێشێلکارییە سیستماتیکانەی ژینگەی هەرێمى کوردستان.
پێشەکی
هەرێمی کوردستانی عێراق یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی جۆراوجۆری زیندەوەر و دارستانە سروشتییەکان، بە تایبەت لە ناوچەکانی دهۆک، ئامێدی، زاخۆ، زاب، و ئاڤاشین. بەڵام ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە بە بڕین و سووتاندنی سیستماتیکی دارستانەکان، بووەتە هۆی لەناوبردنی هەزاران هێکتار لە دارستانەکان. ڕاپۆرتە مەیدانییەکان دەریدەخەن کە سوپای تورکیا کەرەستەی قورس بەکاردەهێنێت بۆ هەڵکەندنی تەواوی دارەکان، دواتر دەیانگوازێتەوە بۆناو خاکی تورکیا بۆ بەکارهێنانى لە کاری پیشەسازى داردا.
ئەم ڕەفتارە شەپۆلێکی ڕەخنەی ناوخۆیی لێکەوتەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی هەڵوێستی فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێم و سەرقاڵبوونی لایەنە کوردییەکان بە ناکۆکی سیاسی و هەڵبژاردنەوە. ئەمەش وایکردووە ژینگە ببێتە قوربانییەکی بێدەنگی ململانێی ناوچەیی.
لە شەڕەوە بۆ لەناوبردنی ژینگە
بەپێی سەرچاوە مەیدانییەکان و ڕاپۆرتە میدیاییە ناوخۆییەکان، تورکیا لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥دا هەڵمەتێکی سیستماتیکی داربڕینى لە ناوچەی بادینان لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بریتییە لە:
1.     بەکارهێنانی ئامێری مەدەنی (تراکتۆر و بولدۆزەر) لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سەربازیدا.
2.     لە ڕەگ و ڕیشە هەڵکێشانی دارەکان و گواستنەوەیان بۆ ناو خاکی تورکیا.
3.     دارەکان لە تورکیا لە پیشەسازى داردا بەکاردەهێنرێن و دواتر لە بازاڕەکانی ناوچەکەدا دەفرۆشرێن و ڕەنگە هەناردەى هەرێمى کوردستانیشی بکەنەوە.
ئەم شێوازە ڕەنگدانەوەی ئیستغلالکردنی ئابووری ڕێکخراوە لە ژێر پەردەی سەربازیدا و بەپێی یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی وەک تاوانی "تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان لە کاتی شەڕی چەکداریدا" پۆلێن دەکرێت (بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢٠٢٣).
کاریگەریی ژینگەیی و ئابووری ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیا
1.     نەهێشتنى ڕووەک و داماڵینى خاک و زیادبوونی دیاردەى بە بیابانبوون.
2.     کەمبوونەوەی جۆراوجۆری زیندوەر و لەناوچوونی زۆرێک لە جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ.
3.     مەترسی دروستکردنى لافاو و داڕمانى زەوی لە زستاندا.
4.     لەدەستدانی هەزاران هەلی کار کە پەیوەندییان بە ئیکۆتۆریزم و کشتوکاڵی شاخاوییەوە هەیە.
5.     بە قاچاخبردی سەرچاوەی دار بۆ بازاڕی تورکیا، دانیشتوانی ناوچەکە لە بژێوی ناوخۆیی خۆیان بێبەش دەکات.
6.     هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە گوندنشینە شاخاوییەکان.

ڕەهەندە سیاسی و ئەمنییەکان
هەرچەندە ئەنقەرە بوونی سەربازی خۆی بە پاساوى شەڕی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت، بەڵام بەڵگە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بازنەی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئامانجە سەربازییەکان تێپەڕیوە بۆ گۆڕانکارییەکی سیستماتیکی جوگرافی و ئابووری. ئەم سیاسەتە چەند ئامانجێک بۆ تورکیا بەدی دەهێنێت:
1.     بێ دانیشتوان کردنی ناوچە سنوورییەکان بۆ ئاسانکاری کۆنترۆڵی مەیدانی.
2.     دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو بۆ ئاسانکاری ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن و چاودێری سەربازی.
3.     ئیستغلالکردنی ئابوری سامانە سروشتیەکانی کورد و گۆڕینی بۆ قازانج بۆ ئابوری تورکیا.
هەڵوێستى فەرمى
حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگی فەرمی دەپارێزێت لە ترسی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەنقەرە کە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی هەرێمە، هاوکات حکومەتی ناوەندی عێراق ئەو پرسە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی خۆی دەزانێت. بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی سیاسەتێکی نیشتمانی یەکگرتوو بۆ پاراستنی ژینگە لە ناوچە سنوورییەکان، تا ئەمڕۆ هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لەلایەن یەکێتی ئەوروپا یان نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەبارەی ئەم بابەتە بڵاو نەکراوەتەوە، کە گوزارشت لە بەسیاسیکردنی ژینگە لەبەر ڕۆشنایی هاوسەنگی هێزی ناوچەکە دەکات.


ئەنجام
داتاکان دەریدەخەن ئەوەی لە باکوری هەرێمی کوردستان ڕوودەدات نوێنەرایەتی سیستەمێکی لەناوبردنی ژینگەی ئامانجدار دەکات کە ئامانج لێی لاوازکردنی پێکهاتە شاخاوییەکانى کوردستان و کۆنترۆڵی ئابووری و سەپاندنی واقیعێکی نوێیە لە ناوچە سنوورییەکان. ئەو بێدەنگییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەش سەبارەت بەم تاوانە ژینگەییانە، مەترسی لەسەر ئایندەی نەوەکانی داهاتووی ناوچەکە دروست دەکات و وادەخوازێت سکاڵای یاسایی نێودەوڵەتی دژی تورکیا تۆماربکرێت، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی ژینگە .
پێشنیارەکان
1.     پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاودێریکردنی زیانەکانی ژینگە.
2.     پەسەندکردنی یاسایەک بۆ پاراستنی دارستانە سنوورییەکان و بە تاوان ناساندنی ئۆپەراسیۆنە نایاساییەکانی داربڕین.
3.     تۆمارکردنی دۆسیەی یاسایی دژی تورکیا لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتیدا.
4.     چالاککردنی ڕۆڵی میدیای ناوخۆیی لە جوڵاندنى ڕایگشتى سەبارەت بە جەنگی بێدەنگ ژینگەیی دژ بە هەرێمى کوردستان.