شارپرێس:
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق پابەندبوونی تەواوی بەغدای بە ڕێککەوتنی ئەمنیی لەگەڵ ئێران دووپاتکردەوە ئەوەش لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێراندا هات لەتاران.
ئەعرەجی ڕایگەیاندووە، حکومەتی عێراق بە تەواوی پابەندە بەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لە نێوان ئێران و عێراق ئەنجامدراوە. هەروەها مەسعود بارزانی پابەنده بەم ڕێککەوتنەوه.
ئاشکراشیکرد، 11 ملیۆن دۆلاریان بۆ دامەزراندنی هەشت کەمپ بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەعێراق تەرخان کردووه و کاری مەیدانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە بەرنامەی کاردایە.
بە وتەی ئەعرەجی بەئامادەبوونی، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیان لەسەر ئەم بابەتە کردووەتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا عێراق توانای پاراستنی ئاسمانی خۆی لە وڵاتانی هێرشبەر هەیە، ئاماژەی بەوەدا کە عێراق چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە، ڕێگە نادات ئاسمانی وڵاتەکەی دژ بە ئێران بەکاربهێنرێت، هەروەها ڕێگە بە هیچ لایەن و گروپێک نادات لە ڕێگەی عێراقەوە هەڕەشە لە ئاسایشی ئێران بکەن.
دەشڵێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاندووە ئاسایشی ئێران بەشێکە لە ئاسایشی عێراق، و ئەوەش لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکی ناوچەکە نییە کە شەڕێکی دیکە هەڵبگیرسێت.
ئەو بەرپرسە باڵا ئەمنییەی عێراق وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە سزاکان دایەوەو دەڵێت، گەلی عێراق بەدەست کاریگەرییەکانی سزاکانەوە دەناڵێنن و بە هەستیارییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن، عێراق بە شێوەیەکی سروشتی دژایەتی بەکارهێنانی سزاکان دەکات و جەخت لەسەر دیالۆگ و دیپلۆماسی دەکاتەوە.
ئەعرەجی لە بەشێکی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەمڕۆی خۆیدا باسی لە پرسی وزەی ئەتۆمی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی ئاشتیانەی ئەم وزەیە مافێکی ڕەوایە بۆ هەموو وڵاتێکی جیهان.
هەروەها ناوبراو خوازیاری چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان بە پرسی ئەتۆمی ئێرانیشەوە بوو، لە ڕێگەی وتووێژەوە نەک بە هێز.
ئ.ه
