شارپرێس:
لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کۆنگرەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەڕێوەبرد بۆ تاوتوێکردنی ئایندەی حکومڕانی دوای کۆماری ئیسلامی.
لەکۆنگرەکەدا بەوردی گفتوگۆ کراوە لەبارەی ئایندەی ئێران دوای کۆماری ئیسلامی و ئەگەر و پێشهاتەکان تاوتوێکراون.
لەکۆنگرەکەدا ژمارەیەک لایەنی کوردی و لایەنی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بەشداریان کردووە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، شاندێکیان بەشداریی لە کۆبوونەوەی چەندین لایەنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ئۆسلۆ کردووە.
بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، چەندین لایەنی سەرتاسەریی ئێرانی، کوردستانی، تورک و عەرەب و هەروەها چەندین کەسایەتیی ناسراوی سەربەخۆ و چالاکی مافی مرۆڤ بەشداربوون.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستی باسکردن لەسەر ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی بناغەی دەسەڵاتێکی نۆێ لەسەر بنەمای دیموکراسی و گەرەنتی بۆ دەستەبەرکردنی مافی گەلانی ئێرانی فرەنەتەوە پێک هاتبوو.
ئاسۆ حەسەن زادە نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەپانێلێکدا باسی لەوەکرد کە بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤ داواکردنی سەربەخۆیی مافێکی سرووشتیی و مرۆییە.
لەکۆنگرەکەدا وەک کورد ئاسۆ حەسەنزادە نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەشدار بوون.
ئ.ه
