ده‌ستڕێژى گولـله‌ له‌ژماره‌یه‌ك جوتیار كراو یه‌كێكیان كوژرا

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3491 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ژماره‌یه‌ك جوتیار له‌سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان كاتێك سه‌رقاڵى كارى جوتیاریى بون، له‌ئۆتۆمبێلێكى جۆری نیسان پاترۆڵه‌وه‌ دەستڕێژیی گولـله‌یان لێكراوه‌و یه‌كێكیان كوژراوه‌.


به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كان، شەوی ڕابردوو لەگوندی سەوزەبڵاغ (ئاوبارە)ی سەر بەناحیەی قۆرەتوی کەلار، گەنجێک بەناوی ڕزگار سەعید عەزیز بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە کوژراو تەرمەکەی گوازراوه‌ته‌وه‌ نەخۆشخانەی شەهید هەژار لەکەلار.

برایه‌كى کوژراوەکەوە کە لەکاتی ڕوداوەکە لەگەڵیدا بوە وتویه‌تى، ئه‌وان شەش کەس بون‌و لەکاتێکدا کە سەرقاڵی کشتوکاڵی مەرەزە بون، ئوتۆمبێلێک لەجۆری نیسان پاترۆڵ دەسڕێژی لێکردون‌و لەئەنجامدا ڕزگار سەعید عەزیز کە لەدایکبوی ساڵی 2005، بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستداوە.

بەبڕیاری دادوەرو به‌گوێره‌ى مادەی 406، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارى ته‌قه‌كار دەرچوەو پۆلیس بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تۆمەتبارەکە، دەستیان بەلێکۆڵینەوە لەسەر ڕوداوەکە کردوە.