ڕۆنوس پێشوازی لەئازادکردنی ئۆمێد بەرۆشکی دەکات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 172 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنوس) ڕایگەیاند، وەک فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی سەربەخۆ بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لەبڕیاری ئازادکردنی هاوڕێ و ڕۆژنامەنوس (ئومێد بەرۆشکی) لەلایەن دادوەری دادگای دهۆک لەدانیشتنی دادگایی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢/١٠/٢٠٢٥ دەکەین.

فیدراسیۆنەکە، لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئومێد بەرۆشکی یەکێک بو لەدەستگیرکراوانی ساڵی٢٠٢١ی دهۆک و لەڕێکەوتی ٣٠ی کانونی دوهەمی٢٠٢٥ بە تۆمەتی ناوزڕاندنی چاکسازی زەرکای دهۆک بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانی کرایەوە و دەبوایە ٢٨/٧/٢٠٢٥ ئازاد بکرێت، بەڵام دۆسیەکیتری بۆ کرایەوە و حوکمی شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

دەشڵێت، ئەمڕۆیش ٢٢/١٠/٢٠٢٥ بە مەرج ئازاد کراوە، وەلێ ئێمە دەخوازین دۆسیەکەی بە تەواوی و بە بێ مەرج کۆتایی پێبهێنرێت و هەردو ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی و قارەمان شوکرییش لەزیندان ئازاد بکرێن و سەرکوتکاری و توندوتیژی سەر رۆژنامەنوسان و چالاکان و ئازادی وتن و وشە و ڕادەربڕین لەکوردستان بە گشتی کۆتایی پێبهێنرێت و بە ڕێز و حورمەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت..

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنوس) ڕایگەیاندووە، داوا لەکۆنسوڵخانە و ناوەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی بواری کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین دەکەین، بە دۆسیەی ڕۆژنامەنوسانی دەستگیرکراو و سزادراوی هەرێمی کوردستاندا بچنەوە و تا پێکەوە هەوڵ و تەقەلا بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی لەزیندان و سوککردنی سزا و دۆسیەکەیان بدەین، سزادانی دەستدرێژیکاران و سەرکوتکارانی ئازادی ڕادەربڕین و بەندکردن و  تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و نوسەران و چالاکان لەڕێگەی یاساوە لەپلانماندا بێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت بە مامەڵە و هەڵسوکەوت و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تۆمەتباراندا بچنەوە.

هەروەها لەبەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەبۆنەی ئازادکردنی هاوڕێمان ئومێد بەرۆشکی جارێکیتر ئەم دەرفەتە دەکەینە هەل و داوای ئازادکردنی بێ مەرجی ڕۆژنامەنوس و چالاکوان شێروان شێروانی و ڕێزگرتن لەم بوارە لەهەردو زۆنە داگیرکراوەکە دەکەین.
ئ.ه