شارپرێس:
لەکاتێکدا نزیکەی 20 ڕۆژ بۆ دەنگدان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ماوە، هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان" بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانیو وهك كهسایهتییهكى دیاریى شیعه، بۆ یەکەمجارە لەمێژودا لەناوچە سوننەکانی عێراقدا بەشداریی کێبڕکێی هەڵبژاردن دەکات.
چاودێران پێیانوایە، ئەم ئامادەییەی سودانی نیگەرانییەکی زۆری لەنێو لایەنە شیعەکاندا دروستکردوە، بەتایبەت لەبارەی دروستبونی کوتلەیەکی پەرلەمانیی نوێ بەپشتیوانیی نێودەوڵەتی.
هاوپەیماێتییەکەی سودانی بەتوندی لەناوچەکانی باکورو ڕۆژئاوای بەغداو گەڕەکەکانی کەرخ کە زۆرینەی سوننەن، ئامادەیی هەیە.
هەروەک لەشارە گەورە سوننەکانی وەک فەلوجە، موسڵ، کەرکوکو تکریتدا جێ پێی خۆی قایمکردوە.
ئەم ئامادەبونهى کەسایەتییەکی سیاسی شیعە لەناوچە سوننەکاندا، لەلایەن "چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە"وە بەنیشانەیەکی نەرێنی دەبینرێت.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی پێیانوایە، ئەم هەنگاوە ئامانج لێی دروستکردنی حکومەتێکی زۆرینەی سیاسییە لەنێوان سودانی، سوننەکانو کورد، بەدورخستنەوەی ئەوان لەدوای هەڵبژاردنەکان.
هەروەک باس لەوەدەکرێت، گوایە ئەم هەوڵانەی هاوپەیمانێتیەکەی سودانی بەپشتیوانی نێودەوڵەتیو هەرێمییە بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی ئێران لەحکومەتی داهاتوی عێراقدا.
