شارپرێس:
منداڵێکی سێ مانگە لەلایەن دایکو باوکییەوە بەهۆی هەژاریی زۆرو نەتوانین بۆ دابینکردنی خەرجىو پێداویستیهكانى ژیان، لەشاری کرماشان لەڕۆژهەڵاتى کوردستان بەنرخی 250 ملیۆن تومەن بەبنەماڵەیەکی دیکە فرۆشتراوە.
ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێكى لهوبارهیهوه بڵاوكردوهتهوهو دهڵێت، "لەم هەفتەیەدا منداڵێکی سێ مانگە لەشاری کرماشان کە ناسنامەکەی لەلای ئەوان (هەنگاو) پارێزراوە، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بەنرخی 250 ملیۆن تومەن فرۆشراوە، ئەم مامەڵەیه پاش بڵاوکردنەوەی ڕیکلامی فرۆشتنی منداڵ لەماڵپەڕێكى ئهنتهرنێت جێبەجێکراوە".
بنەماڵەی فرۆشیار کە خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری شاباد بونەو لەئێستادا لەکرماشان نیشتەجێن، بەهۆی کێشەی زۆری ئابوریىو کەم داهاتی لەسەرپەرشیاری، ناچاربون منداڵەکەی خۆیان بفرۆشن، بنەماڵەی کڕیاریش دانیشتوی کرماشاننو بەهۆی منداڵ نەبون لەساڵەکانی ژیانی هاوسەرگیرییاندا، هەوڵیان بۆ کڕینی ئەم منداڵە داوە".
بەوتەی سەرچاوەکان، ئەم مامەڵە بەبێ چاودێری فەرمی ناوەندە دەوڵەتییەکانو پشتگیرییەکان جێبەجێکراوەو تائێستاش هیچ جۆرە پەیگیریی یا کاردانەوەیەکی خێرا لەلایەن بەرپرسان ڕوینەداوە.
دیاردەی فرۆشتنی منداڵ لەئێران لەماوەی ئەمساڵانەی دواییدا، بههۆى هەژارییهكى زۆرهوه تۆماری ئابورییو نەبونی سیستەمی پشتگیریی کاریگەر بۆ بنەماڵە لاوازەکان، بەشێوەیەکی نیگەرانکەر ڕوو لەزیادبونە.
ڕاپۆرتەکان لەشارە جیاوازەکان وەک مەشهەد، تارانو ئەهواز دەریدەخەن کە ئەم دیاردە ئیتر پەیوەندیی بەناوچەیەکی تایبەتەوە نییەو بوەتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی.
سەرەڕای هەبونی ئاگادارکردنەوەیەکی زۆری شارەزایانو تەنانەت دانپێدانانی فەرمی ڕێکخراوی خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای فرۆشتنی منداڵ نمونەیەکی ئاشکرای قاچاخی مرۆڤە، دەزگای دادوەرییو ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی نە تەنها کاردانەوەیەکی کاریگەرو مرۆڤییان نیشاننەداوە، بەڵکو بەسەرکوتی ناوەندە مەدەنییەکانو دەستبەسەرکردنی چالاکانی بواری پشتگیریی لەمنداڵان، ڕێگهیان بۆ خراپترکردنی ئەو قەیرانە ئاسانکردوەتەوە.
