دواى سه‌ردانى وه‌فدى دیمه‌شق بۆ لاى هه‌سه‌ده‌ بڕیارێكى توند دژى كورد ده‌ركرا

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 18438 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى ئه‌وه‌ى وه‌فدێكى حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع سه‌ردانى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)ى كرد له‌شارى ته‌بقه‌، له‌پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى وه‌فده‌كه‌، بڕیارێكى توند دژى كورد ده‌ركراو ڕێگه‌ى هاتن‌و چونى هاوڵاتیان له‌شاره‌كانى سوریا به‌ڕوى ڕۆژئاواى كوردستان داخرا، په‌یامنێرى شارپرێس له‌ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ڵێت، "ئه‌و بڕیاره‌ كاریگه‌ریى زۆر خراپى له‌سه‌ر هاوڵاتیان ده‌بێت، چونكه‌ ڕێگه‌ به‌پێداویستیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى ژیانى ڕۆژانه‌ش نادرێت بهێندرێته‌ ناوچه‌كه‌وه‌".


دوێنێ هه‌سه‌ده‌ لەبەیاننامەیەکدا ئاشكرایكرد، هێزەکانیان، پێشوازییان لەوه‌فدێكى باڵاى حکومەتی سوریا کردوە لەشاری تەبقە کە لەژێر کۆنترۆڵی هه‌سه‌ده‌دایه‌و دواى گفتوگۆكردن، وه‌كو نیازپاكییه‌كى خۆیان بۆ دیمه‌شق، ژمارەیەک دەستگیرکراوی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقیان ڕادەستکردوەته‌وه‌ کە لەم ماوەیەی دواییدا لەشوێنی جیاواز دەستگیرکراون.

هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێت، "لەمیانی کۆبونەوەکەدا، هه‌سه‌ده‌ پابەندبونی بەردەوامی خۆی بەپەسەندکردنی چارەسەری ئاشتیانەو پاراستنی سەقامگیریی‌و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەهەموو بوارەکاندا دوپاتکردەوە".

كه‌نداڵ جودى په‌یامنێرى شارپرێس له‌ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایكرد، كه‌مێك له‌مه‌وبه‌رو پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى دوێنێ له‌كۆبونه‌وه‌ى دیمه‌شق‌و هه‌سه‌ده‌یه‌ باسكراوه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌، حكومه‌تى دیمه‌شق بڕیارێكى زۆر توندى دژى ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ركرد.

كه‌نداڵ ده‌ڵێت، "به‌بڕیارى دیمه‌شق، ئەمڕۆ سه‌رجه‌م ڕێگه‌کانی نێوان هەرێمەکانی ئیدارەی خۆسەرو حکومەتی دیمەشق داخران، بەتایبەتی ڕێگه‌ی تەبقە بۆ دیمەشق‌و ڕێگه‌ی تەبقە بۆ حەلەب، بەمەش ڕێگریی لەهاتنە ناوەوەی هه‌ر کەس‌و کەلوپەلێک بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ده‌كرێت.

ئه‌وه‌شى وت، "به‌و بڕیاره‌ ژیانى ڕۆژانه‌ى هاوڵاتیان زۆر قورستتر ده‌بێت‌و ده‌ستكه‌وتنى پێداویستییه‌كان ئه‌سته‌متر ده‌بن، به‌وپێیه‌ى ڕێگه‌ به‌هیچ جوڵه‌یه‌كى بازرگانى نادرێت".