وەزارەتی شارەوانی: بەپێی یاسا پارەی ئاو لە هاوڵاتیان وەردەگرین

کوردستان

10/11/2021‌ 1004 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
لەبارەی وەرگرتنی پارەی ئاوەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە وەزارەتی شارەوانی هەرێم ڕایگەیاند، وەرگرتنی پارەی ئاو بەپێی بە ڕێنماییی ژمارە (1)ی ساڵی 2018ی تایبەت بە بەستن و خوێندنەوەی پێوەری ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت.

 بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە وەزارەتی شارەوانی هەرێم  لە ڕێگەی ڕوونكردنەوەیەكەوە وەڵامی دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی دایەوە، كە وەرگرتنی پارەی ئاوی لەلایەن حكومەتەوە بە"سەرانە" ناوبردبوو.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە،وەرگرتنی پارەی ئاو بەپێی بە ڕێنماییی ژمارە (1)ی ساڵی 2018ی تایبەت بە بەستن و خوێندنەوەی پێوەری ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت و  هیچ جۆرە سزایەكمان نییە و ئەوە تەنیا كرێی ئاوە بە پێوەر و بەبێ پێوەر.

سەبارەت بەوەی كە گوایە هاووڵاتییان غەرامە دەكرێن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ دووپاتی دەكاتەوە، هیچ جۆرە غەرامەیەك لەناو ئەو ڕێنماییە و هەمواری ڕێنماییەكەش نییە، ئەو بڕە پارەیە تەنیا كرێی ئاوە بەشێوەی پێوەر و بەبێ پێوەر وەردەگیرێت، ئەویش بە گوێرەی یاسا، باسكردن لە "سەرانە"ش لەلایەن ئەو كەسەوە، بۆ مەبەستی تایبەتە و پێویستە داوای لێبووردن لە خەڵكی كوردستان بكات، چونكە دامودەزگەكانی حكوومەت خزمەتكاری خەڵكن و سەرانە لە خەڵك وەرناگرن.

ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم سێكتەری ئاو بە سێكتەرێكی قازانج نەویست ناودەبات و  دەڵێت: حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە 130 تاوەكوو 140 ملیار دینار لە بەڕێوەبردن و ئیدامەكردنی پرۆژە و تۆڕەكانی ئاو و  ئیشپێكردنی ڕۆژانە خەرج دەكات، لە بەرانبەریشدا ساڵانە داهاتی ئاو لە 30 بۆ 40 ملیار زیاتر نەبووە، ئەمەش لەچاو خەرجی ئاو، زۆر زۆر كەمە، وێڕای ئەمە حكوومەت بە بەردەوامی پرۆژەی نوێش بۆ زیادكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئاو جێبەجێ دەكات.    
س.س