شارپرێس زانیاری نوێ لەبارەی کۆچبەرانەوە ئاشکرا دەکات

جیهان

16/11/2021‌ 3106 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پاش گرژیەکانی ئەمڕۆ و ئازاردانی کۆچبەران لەلایەن سەربازانی پۆڵەنداوە، وڵاتی بلاروسیا بەشێکی زۆری کۆچبەران لە چەند هۆڵێکدا کۆدەکاتەوەو لە سنورەکان دوریان دەخاتەوە، کۆچبەرێکیش چیرۆکی ڕۆژێکی پر لە ئازارو مەینەتی خۆیان بۆ شارپرێس دەگێڕێتەوە لەگەڵ ئەگەرەکانی بەردەم داهاتویان.
ئێوارەی ئەمڕۆ سەربازانی وڵاتی بلاڕوسیا بانگەوازیان کردوە بۆ کۆچبەران کە دەتوانن بچنە چەند هۆڵێکی ئامادەکراوەوە لە شێوەی کەمپ بۆ ئەوەی پارێزراوبن لە سەرماو برسیەتی و نەهامەتیەکانی سەر سنورەکان چونکە ئەمڕۆ لە گرژیەکانی نێوان سەربازانی پۆڵەنداو کۆچبەراندا ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر بە گازی فرمێسکڕێژ و بەرد بریندار بوبون و ماوەی سێ ڕۆژیشە بەشێکی زۆری کۆچبەران نانیان پێنەدراوەو وردە وردە باری تەندروستییان بەرەو تێکچوون دەچوو.
شارپرێس لە ڕێگەی یەکێک لە کۆچبەرەکانەوە کە ئەمڕۆ لە سەر سنورەکان ڕووبەڕووی ئازادانیكی زۆری سەربازانی وڵاتی پۆلەندا بووەوە زانیاری ئەوەی دەستکەوتوە دوای ئەو گرژیانە بەشێکی زۆری کۆچبەران بێهیوان بوون لە چونە ئەودیو سنور و پەڕینەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، چونکە مامەڵەیەکی زۆر نامرۆڤانەو دور لە یاسا و مافەکانی مرۆڤیان لەگەڵکراوە.
ئەو کۆچبەرە باسی لەوە کرد لەپاش ئەو لێدان و ئازاردان و ماندوو بونە بەشێکی زۆریان چونەتە نێو هۆڵە ئامادەکراوەکان و لەوێ شوێنی مانەوەو خواردنیان تارادەیەکی باش بۆ ئامادەکراوەو لەوێ دەمێننەوە تا ئەوکاتەی هەر گۆرانکاریەک رودەدات چونکە کەش و هەوا و دۆخی سەر سنورەکان هی ئەوە نییە جارێکی تر بچنەوە ئەوێ و ڕوبەڕوی مامەڵەی هاوشێوەی سەربازانی پۆڵەندا ببنەوە.

شارپرێس زانیاری ئەوەی دەستکەوتوە کە لەنێو کۆچبەراندا جۆرێک لە بڕوا دروست بووە کە ناتوانن بەم ئێشتا بەردەوام بن و بەشێکیان بیر لەوە دەکەنەوە بۆ پاراستنی تەندروستی و ژیانی خۆیان لە هەوڵی گەڕانەوەدا بن بۆ هەرێم، بەڵام زۆرینە لەگەڵ ئەوەن بمێننەوە تا یەکێتی ئەوروپا ناچار دەبێت بە گوێ گرتن لە داواکانیان.
سەرچاوەکەی شارپرێس ئاماژەی بەوەکرد بەرپرسی هێزە سنوریەکانی ولاتی بلاروسیا سەردانی کردوون و پێی ڕاگەیاندون ئەوان هیچ ڕێگریەکیان لێ ناکەن و هەرکات بڕیاردرا سنورەکان بکرێنەوە ئەوان بەڕێزەوە بەڕێیان دەکەن بۆ ئەو دیو سنورەکان بەڵام لە ئێستادا یەکێتی ئەوروپا بە هەموو شێوەیەک دژی کۆچی لەو جۆرەیە بۆ ولاتانی ئەندامی.
بەوتەی ئەو کۆچبەرەی قسەی بۆ شارپرێس کرد بەهۆی ئەو گازە فرمێسڕژ و ئاوە بە خورەی سەربازانی پۆڵەندا بەسەر کۆچبەرانیاندا ڕشتوە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرەکان باری تەندروستیان تێکچوەو لە ئێستادا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان لەلایەن تیمە پزیشکیەکانیەوە.