فەرماندەیەکی پێشمەرگە مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

18/11/2021‌ 2415 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فه‌رمانده‌یه‌كى باڵاى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایده‌كات، " ئامۆزایەکی ئەبوبەکر بەغدادی ژماره‌یه‌كى زۆر چه‌كدارى هێناوەتە کەرکوک‌و سەڵاحەدین‌و دیالە"، ده‌شڵێت:"هێزەکانی داعشی لەو ناوچانە ڕێکخستوەتەوەو ژمارەیەکى زۆریشیان شارەزای بواری تەقینەوەو قەناس بەدەستن".


عەمید محەمەد چەوری جێگری فەرماندەی لیوای 144ی پێشمەرگە لەناوچەکانی سنوری قەزای خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین به‌دەنگی ئەمریکاى وتوه‌، "داعش جوڵەیەکی زۆر زۆری لەکەرکوک، دیالەو سەڵاحەدین هەیە، بەتایبەت لەدەوروبەری خورماتوو هەیە، هەندێکجار ژمارەی چەکدارەکانی دەگاتە 100 چەکدار".

وتیشى:"حکومەتی عێراق لەهەر ناوچەیەک ئۆپەراسیۆن بکات، داعش پێشوەخت هێزەکانی لەو ناوچە دەکێشێتەوەو دەیانبات بۆ ناوچەی ئارامتر، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئامۆزایەکی ئەبوبەکر بەغدای بەناوی (حسام) کە بە(ئەبوعەبدولڕەحمان) ناسراوە، لەگەڵ 17 چەکداری تردا هاتونەتە سنوری خورماتوو، بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی داعش‌و 10 ڕۆژ لەناوچەکە ماونەتەوە، بێ ترس بەسێ ئۆتۆمبێلی پیکاب سوڕاونەتەوە".

به‌وته‌ى فه‌رمانده‌كه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌، "دوجار بەسەیارەی پیکاب لەجادەی نێوان کفری_خورماتو پەڕیونەتەوەو هاتوچۆیان کردوە".

ئه‌وه‌شى وت:"ئامۆزاکەی ئەبوبەکر بەغدادی هێزەکانی داعشی لەناوچەکە ڕێکخستوەتەوە، ژمارەیەک شارەزای بواری تەقینەوەو قەناس بەدەستی هێناوەتە سنورەکەو هەرچی دادوەری شەرعی‌و فەرماندەی داعشە، هەموی گۆڕیوە".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، جوڵەی داعش لەعێراق، لەئێستادا لەپارێزگاکانی کەرکوک، دیالەو سەڵاحەدین چڕبوەتەوە، هێزەکانیان ناوبەناو پەلاماری خاڵە سەربازیەکانی عێراق‌و هەندێکجاریش پێشمەرگە دەدەن.

ش.هـ