په‌یامێك له‌بارزانیه‌وه‌

کوردستان

25/11/2021‌ 6288 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، "حکومەتی هەرێم پابەندە بەڕێزگرتن لەبنەماکانی مافی مرۆڤ‌و یەکسانی‌و دادپەروەری کۆمەڵایەتی"، ده‌شڵێت:"نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیەو پێویستە هەمومان کار بۆ نەهێشتنی بکەین".


لەسەرەتای پەیامەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا هاتوە، "لەڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، پابەندبونی حکومەتی هەرێم، بەدرێژەدان بەپشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان‌و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزیی‌و نەهێشتنی توندوتیژیی بەگشتی‌و توندوتیژیی دژی ئافرەتان بەتایبەتی، دوپاتدەکەینەوە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "حکومەتی هەرێم کاردەکات لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراوبن‌و گەشەبکەن، بەشێوەیەک بتوانن بەلێهاتویی خۆیانەوە وەک بکەرێکی سەرەکی لەکۆی کایەکانی کۆمەڵگه‌ی کوردستاندا بەشداربن، حکومەتی هەرێم، پابەندە بەپاراستن‌و داکۆکیکردن لەمافەکانی ئافرەتان‌و بەهێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت‌و کۆمەڵگەو پەرەپێدانی کولتوری ڕێزگرتن لەبنەماکانی مافی مرۆڤ‌و یەکسانی‌و  دادپەروەری کۆمەڵایەتی‌و نەهێشتنی توندوتیژیی‌و هەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز".

بارزانى داواى لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و بەتایبەت دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناو حکومەت‌و دەرەوەی حکومەت‌و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی‌و دامەزراوە ئایینیەکان‌و دەزگاکانی ڕاگەیاندن كردوه‌ هاوکارو یارمەتیدەری حکومەت بن‌و ڕۆڵی گرنگی خۆیان لەبرەودان بەکولتوری لێبوردەیی‌و هۆشیاری کۆمەڵایەتی‌و نەهێشتنی توندوتیژیی‌و دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان بگێڕن.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ڕوبەڕوبونەوەو نەهێشتنی توندوتیژیی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیەو پێویستە هەمومان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەین".

س.س