هێزە ئەمنییەکان کارى راستەقینەیان چییە و بۆچی بەکاردەهێنرێن

کوردستان

26/12/2021‌ 1018 جار خوێندراوه‌ته‌وه

حەرەمی دامەزراوە مەدەنی و حکومییەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان پاراستن و شکاندنیدا لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە.
ئەگەر جاران هێزە چەکدارەکان لە کێشەی نێوان بەرپرسەکانیاندا بەکارهێنرابن، ئەوە لە ئێستادا بابەتەکە سەریکێشاوە بۆ بەکرێگرتن و هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنیش.

هەموو وڵاتێک پاراستنی ئاسایشەکەی دابەش دەبێت بەسەر دوو سێکتەردا، سێکتەری پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ، کە هێزی تایبەتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەیپارێزیت.

ئاسایشی دەرەوە و سنوورەکانیش، لەلایەن وەزارەتی بەرگری کە هێزی تایبەتی خۆی هەیە و دەیپارێزێت، لە هەرێمی کوردستان، پێی دەڵێن وەزارەتی پێشمەرگە.

لە سایەی ئەم هێزانەوە، هەموو دامەزراوەکانی وەک حکومەت و ئەهلی و مەدەنیەکان، هەروەها ماڵ و موڵکیشیان، تەنانەت تاکەکانی کۆمەڵگا لە ناوخۆی وڵات بێت یان دەرەوە، پارێزراو دەبن.

بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان ئەمە تەنیا لە چوارچێوەیەکی تیۆریدا ماوەتەوە و واقعەکە تەواو پێچەوانەیە.هاوڵاتی خۆپیشاندەر هێرش دەکرێتە سەری و یاساکانی پاراستنی مافی مرۆڤەکانیش شکێنراوە.

ئەفسەرێکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لەلایەن کەسێکەوە تەقەی لێکراو لە کاتی ئەرکدا شەهید کرا، بەڵام، نازانرێت ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان چی بوون و کێ دەستگیر کرا؟

لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی چەکدارێک بە شەق لە سەری خوێندکارێکی دا، بەڵام نازانرێت ئەنجامی ئەو رووداوە چی بوو؟لە پێکدادانی چەکداری نێوان هێزە جیاوازەکانیشدا، ئەندامانی هێزەکان خۆیان دەکوژرێن، بەڵام رووداوەکان دیزە بە  دەرخۆنە دەکرێن و نازانرێت ئەنجامەکەی چی دەبێت؟
دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس لەکاتی ئەرکەکانیاندا هێرشکراوەتە سەریان و حەرەمیان شکێنراوە.

لە دوو رووداوی جیاوازدا لە هەردوو شاری سلێمانی و هەولێر، چەکدار هەڵیان کوتایە سەرقوتابخانە و ناکۆکی نێوان قوتابیەکانیان گەیاند بە چەک وهێرشی چەکداری، تەنانەت لە هەولێر تەقەکردنیشی تێکەوت.

لە نوێترین ڕوداودا لە قوتابخانەیەکی سلێمانی بەهۆی بوونی گرفتێکی بچوک لە نێوان دوو فێرخوازدا چەند کەسێک بە جلوبەرگی سەربازییەوە هێرشیانکردە سەر باوکی فێرخوازێک و بە توندی لێیاندا، ئەوەش وەک بەرگریکردن لە فێرخوازێکی تر و لە بەرامبەر ئەوەشدا پارەیان وەرگرتووە، واتە لە لایەن دایکی فێرخوازێکیانەوە بە کرێ گیراون بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.

ئەمە لە کاتێکدایە دامەزراوە مەدەنیەکان نابێت هیچ کەسێک بەچەکەوە سنوورەکانی بشکێنێت و دەبێت رێزیان لێبگرن.

رووداوەکان پێمان دەلێن، هیچ شتێك حەرەمی نەماوە تا قوتابخانە هەیبێ، حەرەمێك نیە چەكدارەكانی حیزب نەیانخستبێتە ژێرپێ و نەیانشكاندبێ، مەکتەب، زانکۆ، مزگەوت، رێکخراوی کۆمەلی مەدەنی و راگەیاندن و تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیش داخراوە، کە باڵاترین دامەزراوەی هەرێمی کوردستانە و یاسایی تێدا دەردەکرێت و نوێنەری خەڵک لەوێیە.

دیوێکی دیکەی کارەساتی خویندنگاکەی سلێمانی ئەوەیە؛ خێزانەکانی ئەم کۆمەڵگەیە منداڵەکانیان وا پەروەدە دەکەن پشت بە توندوتیژی ببەستن وەک تاکە ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. دایکێک لە جیاتی ئەوەی پەنا بۆ گفتوگۆ و ئاساییکردنەوەی کێشەی منداڵەکەی لە گەڵ منداڵێکیتر ببات، ڕاستەخۆ چەند کەسێک بە کرێ دەگرێت بۆ ئەوەی هەڕەشە و ئازار بە لایەنی بەرامبەر بگەیەنێت. ئەبێت ئەو منداڵە چی لەو وانەیە فێربووبێت.

بە گەڕانەوە بۆ چەند ڕوداوێک کە پێشتر لە هەرێم ڕویانداوە، لەوە تێدەگەین کە ئەگەر جاران هێزە چەکدارەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی نێوان بەرپرسەکانیان بەکارهێنرابن، ئەوە لە ئێستادا لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارەدا ئامادەن پەلاماری هەر کەسێ بدەن کە بیانەوێت، واتە دەکرێت لە یەکلاییکردنەوەی کێشەی هاوڵاتیانیشدا وەک هێزی پەلاماردەر و بە کرێگیراو بەکاربهێنرێن.