ئه‌و پۆلیسه‌ى مۆبایلى ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ى شكاند ده‌ستگیركرا

کوردستان

01/01/2022‌ 2257 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ کەرکوک:

له‌ده‌ستپێكى ساڵى نوێداو لەکاتی ڕوماڵی ئاهەنگی سەری ساڵ له‌كه‌ركوك، لەلایەن مەفرەزەیەکی هێزەکانی پۆلیسی ئامادە لەبەردەم (تایم سەنتەر مۆڵ) لەناوبازاڕی ڕەحیماواى ئه‌و شاره‌دا هێرشکرایەسەر ڕۆژنامه‌نوسان‌و مۆبایلى یه‌كێك له‌ڕۆژنامه‌نوسه‌كانیش شكێندرا، شارپرێس زانیویه‌تى، ئه‌و پۆلیسه‌ى هێرشه‌كه‌ى ئه‌نجامدا ده‌ستگیركراوه‌.


ئاکام وەزیری پەیامنێری شارپرێس لەکەرکوک ڕایگەیاند، لەکاتێکدا مەفرەزەیەکی سەر بەهێزەکانی پۆلیسی ئامادە سەرقاڵی دەستگیرکردنی چەند گەنجێک بون بەتۆمەتی نانەوەی ئاژاوەو پشێوی لەئاهەنگی سەری ساڵ لەشاری کەرکوک، لەلایەن مەفرەزەکەی سەر بەهێزەکانی پۆلیسی ئامادە لەبەردەم مۆڵی تایم سەنتەر مۆڵ لەسەر بازاڕی ڕەحیماوا لەشاری کەرکوک هێرشیانکردە سەر یه‌كێك له‌میدیاكاره‌كان‌و مۆبایلەکەیان شکاند.

وتیشی:"کاتێکیش چەند ڕۆژنامەنوسێک هەوڵماندا هۆکاری ئەو ڕوداوە بزانن کە بۆچی ئەو پێشێلکارییە بەرامبەر ئەو هاوپیشەیەمان کراوە، لەلایەن مەفرەزەکەی پۆلیسی ئامادەو دوو مەفرەزەی دیکەی پۆلیسی کەرکوکەوە بەچەک هێرشکرایەسەرمان‌و سوکایەتیمان بەرامبەر کراو قسەی ناشرینمان بەرامبەر بەکارهێندرا".

لەبارەی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانیشەوە پەیامنێری شارپرێس ئاشکرایکرد، دوای ڕوداوەکە دەستبەجێ هەریەکە لە(لیوا عەلی فرێجی فەرماندەی ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک‌و عەمید کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک‌و عەمید دلێر حەسەن بەڕێوەبەری پۆلیسی ئامادەو عەقید مازن غەریب بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتن‌و عەقید فەرهاد مەحمود بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ڕەحیماواو ڕائید عامر نوری وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک)مان لەڕوداوەکە ئاگادارکردەوە.

ئه‌وه‌شى وت:"له‌ئه‌نجامى به‌دواداچونه‌كانمان زانیمان، ئەو پۆلیسەی هێرشەکەی کردەسەر ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌و مۆبایله‌كه‌ى شكاند، دەستگیرکراوه‌و بڕیاریشدراوه‌ ڕێکاری یاسایی لەدژ بگیرێته‌به‌ر".