له‌باره‌ى هاوكاریی دوو هێزى كوردیه‌وه‌ توركیا په‌یامێك ئاراسته‌ى ئه‌مریكا ده‌كات

کوردستان

01/01/2022‌ 4510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى توركیا له‌كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ئه‌مریكا له‌باره‌ى هاوكاریی دوو هێزى كوردیه‌وه‌ په‌یامێكى ئاراسته‌ى واشنتۆن ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سێ بابەتی سەرەکیی هەیە کە لەگەڵ واشنتۆن لەسەریان ناکۆکین، به‌تایبه‌ت بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کە لەسەردەمی ئیدارەی باراك ئۆباماوە بەردەوامە".


بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، لەبارەی پرسی دروستکردن‌و بەگەڕخستنی میکانیزمی چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ئەنکەرەو واشنتۆن لەسوریا، لەناویاندا  پرسی دۆخی ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)، ئیبراهیم کاڵنی وتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا کردوە.

کاڵن لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆنفرانسێک لەویلایەتی شیکاگۆی ئەمریکا وتویه‌تى:"سێ بابەتی سەرەکیی هەیە کە لەگەڵ واشنتۆن لەسەریان ناکۆکین، لەوانە بەردەوامی پشتیوانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کە لەسەردەمی ئیدارەی باراك ئۆباماوە بەردەوامە".

بەوتەی وتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا، "پشتیوانیکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان (لەلای تورکیا) لەسوریا ئاستەنگی گەورەی لەبەردەم یەکێتیی‌و سەلامەتیی خاکی سوریاو ئایندەی ئەو وڵاتە دروستکردوە".

کاڵن وتویه‌تى:"سەرۆکی هەردوو وڵات "ئەردۆغان"و "بایدن" لەپەراوێزی گروپی بیست لەڕۆما باسیان لەپرسە جێناکۆکەکانی نێوان ئەنکەرەو واشنتۆن کردوە، ئەوە جگە له‌دەستبردن بۆ پێشهاتەکانی قەوقازو سوریاو عێراق‌و بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو بابەتەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست‌و ئۆکرانیاو بابەت‌و پێشهاتەکانی تریش".