پاکستان گرێبەستێکی گەورەی چەک لەگەڵ تورکیا هەڵدەوەشێنێتەوە

جیهان

10/01/2022‌ 1859 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە میدیاییەکان ڕایدەگەیەنن، پاکستان گرێبەستێکی گەورەی سەربازیی بۆ کڕینی 30 هێلیکۆپتەری جۆری ATAK لەتورکیا بەبەهای 1.5 ملیار دۆلار هەڵوەشاندۆتەوە، لەبەرئەوەی ئەنکەرە بۆ فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆکانە دەبێت ڕەزامەندی ئەمریکا وەربگرێت، بەوپێیەی بزوێنەری فڕۆکەکە لەجۆری CTS800 لەلایەن کۆمپانیای LHTEC ئەمریکییەوە دروستدەکرێت، لەکاتی هەناردەکردنی فڕۆکەکە بۆ وڵاتی سێیەم ڕەزامەندی واشنتۆنی دەوێت.


پێشتر ئیسماعیل دەمیری سەرۆکی پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیا ڕایگەیاندبوو، گرێبەستێکیان بۆ فڕۆشتنی 30 فڕۆکەی هێلیکۆپتەری جۆری ئاتاک بەئیسلام ئاباد واژۆکردوە، بەڵام دواتر بەهۆی پێویستی وەرگرتنی ڕەزامەندی لەواشنتۆن ئاستەنگی یاسایی بۆ گرێبەستەکە دروستبون، کە بەپێی گرێبەستەکە دابیکردنی خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان‌و پارچەی یەدەگ‌و ڕاهێنان‌و تەقەمەنیی فڕۆکەکەی لەخۆدەگرت.

ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا ڕەزامەندی پیشاندا لەسەر فرۆشتنی 6 فڕۆکەی جۆری ATAK بەوڵاتی فلیپین، بەڵام هێشتا واشنتۆن بەفرۆشتنی فڕۆکەکە بەپاکستان ڕازینەبوە، هەرچەندە ماوەی ڕادەستکردنی کۆتایی فڕۆکەکان بەپاکستان چەندجارێک درێژکرانەوە، بەڵام دواجار ئەنکەرە نەیتوانی ڕەزامەندی ئەمریکییەکان بەدەستبهێنێت، هەربۆیە ئیسلام ئاباد لەزاری بابار ئیفتیخاری وتەبێژی سوپای پاکستانەوە ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە لەجیاتی تورکیا فڕۆکەی هێلیکۆپتەر لەوڵاتی چین بکڕن.