غالب محەمەد: بەدڵنیایی پارتى ناتوانێت لەو حکومەتەى خۆی دەسەڵاتدارە بودجە بۆ هەرێم بەدەستبهێنێت

عیراق

11/01/2022‌ 5512 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

غالب محەمەد ئەندامى پێشووی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، پارتى و یەکێتى هیچ وەرەقەیەکیان لەبارەى ماف و شایستەکانى خەڵکى کوردستان نەبووە تا بیخەنە بەردەم لایەنە سیاسیەکانى عێراق، بەڵکو تەنیا داواکاری و شەڕی پۆستیان کردوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس غالب محەمەد ئەندامی پێشووی عێراق رایگەیاند" پارتى و یەکێتى لەچەندین ساڵى رابردوودا تەنیا بۆ پۆست و کارو کۆمپانیاکانیان دەچنە بەغدا نەک بۆ بەدەستهێنانى مافەکانى خەڵکى کوردستان، هەموو ئەو دروشمانەى دەیڵێن لەکاتى هەڵبژاردنەکان هەمووی درۆیەو هیچ راستییەکی تیا نییە".

باس لەوەش دەکات، پارتى تەنیا بۆ پۆست چووەتە بەغداو لایەنەکانى دیکەش دەیەوێت دوای خۆی بخات و هەموو جارێکیش ئەمەیان بۆ چووەتە سەر، چونکە لایەنەکانى دیکە لاوازن و ئەوانیش هەر بۆ پۆست دەچن.

ئەو پەلەمانتارەى پێشووی عێراق رەخنە لە ئۆپۆزسیۆنى پەرلەمانى عێراق دەگرێت  کە دەنگیان بە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان داوەو پێیوایە کە نەدەبوو دەنگ بە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان بدەن، چونکە لەگەڵ پۆستەکانى حکومەت یەک پاکێجە، دەشڵێت" ئۆپۆزسیۆن کە دەنگى بە سەرۆکایەتى پەرلەمان داوە پارەیان وەرگرتووە، ئەگەرنا ئۆپۆزسیۆن چۆن دەنگ بە سەرۆکایەتى پەرلەمان دەدات".

غالب محەمەد دەشڵێت" پارتى بووەتە تەڕەف و لایەنگری لایەنێکى شیعەی گرتووە، ئەوەش بێ پلانیی پارتییەو ناو ماڵی کوردیشى پەرت کرد، بۆیە ئەو پۆستەى ئێستا دڵی پێخۆش کردوە هیچ گرنگییەکى نییە، چونکە جێگری یەکەم ناهیلێت سەرۆکى پەرلەمانیش جوڵە بکات نەک جێگری دووەم".

هەروەها غالب ئەوەش دەخاتەڕوو، ماوەیەکى دیکە پارتى پەیوەندیەکانى لەگەڵ حکومەت تێکدەچێت، بزانین ئەوکاتە پرسى بودجەو پارەى هەرێم چۆن وەردەگرێت، بەدڵنیاییەوە ئەوکات کەس نییە خەتای نەناردنى بودجە بخاتە ئەستۆی، چونکە تەنیا خۆى لە حکومەتدا دەبێت.