دوای کۆتاییهاتنی قەرزەکانی کوێت.. قەبارەی سەرجەم قەرزە دەرەکییەکانی عێراق ئاشکرا کرا

عیراق

13/01/2022‌ 2495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

راوێژکارێکی دارایی سەرۆک وەزیری عێراق قەبارەی سەرجەم قەرزە دەرەکییەکانی عێراقی ئاشکرا کردووە کە دەگاتە 20 ملیار دۆلار، جەختیشی کردۆتەوە کە ئەو قەرزانە بەپێی خشتەیەکی کاتی دەدرێنەوە و لە بودجەی ئەمساڵیشدا برە پارەیەکیان بۆ تەرخانکراوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە : عێراق دانەوەی قەرزەکانی کوێتی تەواوکردووە و بەگشتیی 52.4 ملیار دۆلاری قەرەبووی ئەو وڵاتەی داوەتەوە، روونیشی کردۆتەوە بەپێی ڕێککەوتننامەی "یانەی پاریس"کە لەساڵی 2004  سازکرا، زیاتر لەسەدا 80 ی قەرزەکانی سەر عێراق رەشکراونەتەوە.

بە وتەی ساڵح ئەو وڵاتانەی قەرزی پێش ساڵی 1990 یان لەسەر عێراق ماوە و 40 ساڵیان بەسەردا تێپەڕیوە، ئەوە ئەو قەرزانە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کۆتاییان هاتووە و وەریناگرنەوە، ڕوونیشی کردۆتەوە کە بەشێک لە قەرزە دەرەکییەکان بەهۆی شەڕی دژ بە داعشەوە کەوتوونەتە سەر عێراق کە بەگشتیی خۆیان لە 20 ملیار دۆلار دەدەن.

راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە هەڵگرتنی ناوی عێراق لەلیستی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەو وڵاتانەی مەترسیی شووشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریان لەسەرە، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ تەواوکاریی دارایی لەگەڵ ئەوروپا، لەبەرئەوەی ئەوروپا ناوەندی دارایی جیهانییە و ئاسانکارییەکی دارایی گەورە بۆ عێراق دەکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی