ڤۆڵگس ڤاگن و تۆیۆتا 159 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندا دەکەن

جیهان

13/01/2022‌ 495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمەریکی، هەریەک لە کۆمپانیای ڤۆڵگس ڤاگنی ئەڵمانیی و تۆیۆتای یابانیی پلانی وەبەرهێنانێکی گەورەیان بە قەبارەی 159 ملیار دۆلار لەبواری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندا هەیە، کە ئامانجیشیان ئەوەیە بەڕە لەژێر پێی کۆمپانیای تێسلای ئەمەریکی دەربێنن و لەوبوارەدا پێشی بکەونەوە.

بلوومبێرگ باسی لەوەکردووە کە لەگەڵ ئەوەی بەهای بازاڕیی کۆمپانیای تێسلای ئەمەریکی بۆ  هەڵسەنگاندنی ساڵی 2021 زیاتر لە 1000 ملیار دۆلاری ئەمەریکی تێپەڕاندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو کۆمپانیای ڤاگن و تۆیۆتا بەراورد بە کۆمپانیاکەی ئیلوون ماسک بە زەبەلاح هەژماردەکرێن، بەوپێیەی بەرانبەر بە هەر ئۆتۆمبێلێک کە کۆمپانیای تێسلا بەرهەمی دەهێنێت، دوو کۆمپانیاکەی تر 10 بۆ 11 ئۆتۆمبێل بەرهەمدەهێنن، لەبەرئەوە هەر بەریەککەوتنێک لەنێوان ئەو سێ کۆمپانیایەدا لەبەرژەوەندی تێسلادا نابێت.

ڤۆڵگس ڤاگن و تۆیۆتا رایانگەیاندووە کە لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا 90 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەبواری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندا دەکەن، هەر لەوماوەیەشدا تۆیۆتا 60 ملیار دۆلاری تر بۆ گۆڕینی نیوەی ئۆتۆمبێلەکانی بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی تەرخان دەکات.

بەشێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن لەگەڵ ئەوەی لەئێستادا تێسلا نیوەی فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای داگیرکردووە، بەڵام پێدەچێت لەساڵی 2025 ئەو ڕێژەیە بۆ لەسەدا 20 کەمببێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
https://www.mc-doualiya.com/%D8%B9%D9%84%D9%88%D9%85/20220110-%D9%81%D9%88%D9%84%D9%83%D8%B3-%D9%81%D8%A7%D8%BA%D9%86-%D9%88%D8%AA%D9%88%D9%8A%D9%88%D8%AA%D8%A7-%D8%AA%D8%B3%D8%AA%D8%AB%D9%85%D8%B1%D8%A7%D9%86-159-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D9%84%D8%AE%D9%84%D8%B9-%D8%AA%D9%8A%D8%B3%D9%84%D8%A7-%D8%B9%D9%86-%D8%B9%D8%B1%D8%B4-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%87%D8%B1%D8%A8%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D8%A9?ref=fb_i