چێلسی دەیەوێت بەم بڕە پارەیە گرێبەست لەگەڵ دی یۆنگ واژۆ بكات

وەرزش

15/01/2022‌ 213 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی بڵاویكردوەتەوە، یانەی چێڵسی ئینگلیزی دەیەوێت بۆ هاوینی ئەمساڵ گرێبەست لەگەڵ دی یۆنگی هۆڵەندی و یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە واژۆ بكات.

دی یۆنگ لە ساڵی 2019 لە یانەی ئەجاكسەوە بە بڕی 75 ملیۆن یۆرۆ رووی لە یانەی بەرشەلۆنە كردووە، ماوەی دوو ساڵ و نیوە یاریزانە هۆڵەندییەكە نەیتوانیوە ئەو ئاستە پێشكەش بكات كە لێی چاوەڕوان دەكرا.

سەرباری ئەوەی كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە هێشتا ئومێدیان بە دی یۆنگ هەیە، بەڵام هیچ گرفتێكیان لەگەڵ فرۆشتنی ئەو یاریزانەیشدا نییە و دەیانەوێت بەو پارەیەی لە بەرامبەر فرۆشتنی دی یۆنگ وەریدەگرن، یاریزانی تری هاوشێوەی ئیرلینگ هالاندی نەرویجی و یاریزانی یانەی بروسیا دۆرتمۆندی پێ بەدەستبهێنن.

هاوكات یانەی چێڵسی ئینگلیزی بڕی 40 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی دی یۆنگ لە وەرزی هاوین ئامادەكردووە، بەڵام یانەی بەرشەلۆنە داوای بڕە پارەیەك دەكات كە لە 60 ملیۆن یۆرۆ كەمتر نەبێت.

بەگوێرەی رۆژنامە ئیسپانییەكە، سەرەڕای یانەی چێڵسی، یانەكانی تری وەكو مانچستەر سیتی و بایرن میونخی ئەڵمانیش گرنگی بە گرێبەستی فرینكی دی یۆنگی تەمەن 24 ساڵ دەدەن.

رەنج رەسول