​ناوەندێکى بەریتانی: رژێمی سوریا ساڵانە 16 ملیار دۆلاری لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستدەکەوێت

جیهان

16/01/2022‌ 349 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راپۆرتێکی بنکۆڵکراوی "بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقیا بۆ پەرەپێدانی دەریایی" کە دامەزراوەیەکی لێکۆڵینەوەییە و بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، رژێمی سوریا ساڵانە لە بازرگانییکردن بە ماددەی هۆشبەرەکانی جۆری "کەپتاگۆن" نزیکەی 16 ملیار دۆلاری دەستدەکەوێت.

راپۆرتەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە مەزەندەکردنی ئەو داهاتە لەڕێگای هەژمارکردنی ئەو بارانەی ماددە هۆشبەرەکانە کە لەنێوان حوزەیرانی ساڵی 2019 بۆ  ئابی ساڵی 2020 لەبەندەرەکانی سوریاوە بەڕێکراون و لە وڵاتانی وەک یۆنان و ئیتاڵیا و ئیمارات و سعوودییە و رۆمانیا دەستیان بەسەرداگیراوە.

هەر لەوچوارچێوەیەدا، پێگەی "ئەساس" لێدوانی سێ پسپۆڕی ئابووریی هەرێمیی گواستۆتەوە کە وتویانە رژێمی سوریا لەئەنجامی شکستهێنانی سیاسەتە ئابوورییەکانی، روویکردۆتەوە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و رەوانەکردنیان بۆ وڵاتانی جیهان بە بڕ و باری ئەوتۆ کە هەندێکیان هەموو ژمارە پێوانەییەکانیان شکاندووە.

هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوەگەڕێنراوەتەوە کە رژێمی سوریا خواستی کۆکردنەوەی سامان و دەستکەوتنی دراوی قورسی بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ و ململانێ سەربازییەکان کە لەساڵی 2011 وە بەردەوامە، گەڕاندۆتەوە.

جگە لەوەی ڕژێمی سوریا بەهۆی سەپاندنی سزاکانی قەیسەر لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەرکا بەسەریدا دۆخی دارایی سەختتر بووە و بۆ پێدانی مووچەی سەرباز و میلیشیا جەکدارییەکان و کڕینی چەک و چۆڵ پێویستی زۆری بە دراوی قورس هەیە.

پسپۆران پێیان وایە ڕژێمی ئەسەد هەوڵ دەدات سەرچاوەیەکی دەستکەوتنی داهاتی دەستبکەوێت، کە گەرەنتی زۆرترین ماوەی مانەوەی لەدەسەڵات بۆ مسۆگەر بکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی