عێراق.. ژمارەی ڤاکسین زۆرو خۆکوتانی هاوڵاتیانیش کەم

تەندروستی

17/01/2022‌ 422 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاندوە، بەهۆی ئەو گرێبەستانەی لەماوەی ڕابردودا لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکاندا کردویانە، بڕێکی زۆر لەڤاکسینەکانی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنایان لەبەردەستدایە.

فیراس موسەوی بەڕێوەبەری بەشی کوتان لەوەزارەتی تەندروستیی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە، "بڕێکی زۆر لەڤاکسینەکانی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەکۆگاکانیاندا هەیە، لەبەرئەوەی حکومەت گرێبەستی کڕینی 40 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکاندا کردوە، کە لەو ژمارەیە تائێستا 20 ملیۆن ژەمە ڤاکسین گەیشتۆتە دەستیان".

بەوتەی موسەوی ژمارەی ئەوکەسانەی تائێستا خۆیان کوتاوە لە14 ملیۆن کەسی تێپەڕاندوە، لەو ژمارەیەش 8 ملیۆن‌و 668 هەزاریان بەیەک ژەم‌و 5 ملیۆن‌و 800 هەزاریشیان بەهەردوو ژەمەکە خۆیان کوتاوە.

هەروەک وتویەتی:"ژمارەی ئەو خوێندکارانەی تەمەنیان گەیشتۆتە 12 ساڵی‌و بەڤاکسینی کۆڕۆنا خۆیان کوتاوە گەیشتۆتە 530 هەزار خوێندکار، کە 400 هەزار ژەمێک‌و 130 هەزاریشیان هەردوو ژەمەکەیان وەرگرتوە".

بەرپرسی بەشی کوتان لەوەزارەتی تەندروستیی داواشی لەهاوڵاتیان کردوە لەپێناو سووککردنی نیشانەکانی شێوە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، سود لەبەردەستبونی ڤاکسینەکانی کۆڕۆنا وەربگرن‌و خۆیان بکوتن.

و: ئاکۆ ئاڵی