پێشبینی دەکرێت پێکهێنانى حکومەتى عێراق شەش مانگی تر بخایەنێت

عیراق

21/01/2022‌ 845 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" راپۆرتێکی لەژێر ناوی " ئێران هێشتا درووستکەری بڕیارە لەعێراق" بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە کەپێدەچێت پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ئاڵۆز و درێژخایەن بێت و زیاتر لە شەش مانگی تریشی بوێت تاوەکو یەکلایی ببێتەوە، بەتایبەت لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی کاتیی کارکردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەڕلەمان .

رۆژنامەکە لەبەشێکی راپۆرتەکەیدا نوسیویەتى" عێراق بەلای تارانەوە وەک گرنگترین گۆڕەپانەکانی سیاسەتی دەرەکیی خۆیەتی، هەربۆیە تاوەکو براوەبێت پەیوەندی قوڵ و نایاب لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دەپارێزێت، ئەمەش وایکردووە کەناڵی پەیوەندیی لەگەڵ موقتەدا سەدردا بکاتەوە کە بەڵێنیداوە گرووپە چەکدارییەکان لە حکومەت دووربخاتەوە و حکومەتی زۆرینەش دروست بکات، نەوەک ئەو سازان و لەیەکتێگەیشتنانەی لەرابردوودا لەناو ماڵی شیعیدا پەیرەو دەکرا.

ئاماژە بەوەشکراو،  بەڵێنەکانی سەدر هێشتا ئەرێنی و گەشبینانەن، بەڵام متمانەکردن بە جێبەجێکردنیان لەخۆشباوەڕییەوەیە، لەبەرئەوەی تاران کە عێراق وەک بڕبڕەی پشتی سیاسەتە هەرێمایەتییەکانی دەبینێت ئەستەمە ڕێگە بدات کەسێک بەتەنیا خۆی ڕەنگڕێژی بکات، هەربۆیە پێدەچێت پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ئاڵۆز و درێژخایەن بێت و شەش مانگی تریشی پێبچێت، بەتایبەت لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ راگرتنی کارکردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەڕلەمان بەشێوەیەکی کاتیی، ئەمەش مانای راگرتنی کارکردنی پەڕلەمانە، لەبەرئەوەی پەڕلەمان ناتوانێت بێ ئەو دەستەیە کۆببێتەوە.

لەکۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە: لەگەڵ ئەوەی سەدر درووشمی نەتەوەیی بەرزدەکاتەوە، بەڵام پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ تاراندا هەیە و لەکاتی خۆپیشاندانەکانی تشرینیشدا لەگەڵ سەرکوتکرندیاندابوو، هەروەک محەمەد حەلبووسیی کە وەک سەرۆکی پەڕلەمان هەڵبژێردرا، لەپێناو پاراستنی پۆستەکەیدا ئامادەیە هاوکاریی لەگەڵ تاراندا بکات و بێدەنگیش بەرانبەر بە پێشێلکاریی میلیشیا چەکدارییە شیعییەکان لەناوچە سوننی نشینەکان هەڵبژێرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی